هەواڵی کوردستان ئێستا

باڵیۆزی رووسیا له‌ به‌غدا: "وێڕای دابەزینی نرخی نەوت و په‌تای کۆرۆنا کۆمپانیا رووسییەکان بەردەوامن لە كاره‌كانیان له‌ عێراق"

باڵیۆزی رووسیا له‌ به‌غدا: "وێڕای دابەزینی نرخی نەوت و په‌تای کۆرۆنا کۆمپانیا رووسییەکان بەردەوامن لە كاره‌كانیان له‌ عێراق"
باڵیۆزی رووسیا له‌ به‌غدا: "وێڕای دابەزینی نرخی نەوت و په‌تای کۆرۆنا کۆمپانیا رووسییەکان بەردەوامن لە كاره‌كانیان له‌ عێراق"

2020-08-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

 

باڵیۆزی رووسیا لە به‌غدا، ماکسیم ماکسیمۆڤ:
- "عێراق بۆ رووسیا هاوبەشێکی سەرەکییە لە ناوچەکەدا و مۆسکۆ بایەخێکی زۆر گەورە دەدات بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات".
- "کۆمپانیاکانی رووسی بواری نەوت وەک (زارونیجنفت) و (ئەسترۆیترانکاز) و (تات نەفت) و (سیوزینڤ غاز) و (ئەریال نەفت غاز سێرڤس) دەستیان بە کارکردن و کردووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆمپانیای (لوک ئۆیڵ) لە ئێستادا لە کێڵگەی (بڵوک-١٠) بەدوای نەوت دەگەڕێت کە بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان گەورەترین کێڵگەی نەوتە کە لەمیانی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە عێراق دۆزرابێتەوە".
- "وێڕای دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام کۆمپانیا رووسییەکان وەک (گاز پرۆم-نەفت) و (باش نەفت) و (رووس نەفت) بەردەوامن لە کارەکانیان لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و پابەندبوونە بە گرێبەستەکانیان".
- "لەچوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لەنێوان زانکۆکان، لە ساڵی ٢٠١٨دا رێکەوتن لەنێوان زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر و زانکۆی مۆسکۆ واژووکرا و بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە شەش قوتابی رووسی لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر مەشقیان کرد".

 

باڵیۆزی رووسیا لە به‌غدا، ماکسیم ماکسیمۆڤ رایگەیاند، عێراق هاوبەشێکی سەرەکی وڵاتەکەیەتی لە ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیاکانی رووسی تاوتوێی بەشدایکردن لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق دەکەن. 

ماکسیم ماکسیمۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە رایگەیاند: "عێراق بۆ رووسیا هاوبەشێکی سەرەکییە لە ناوچەکەدا و مۆسکۆ بایەخێکی زۆر گەورە دەدات بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات". 

بەگوتەی باڵیۆزی رووسیا لە بەغدا، لەنێوان هەردوو وڵاتدا خاڵی هاوبەش لە بۆچوونەکانیاندا هەیە بەتایبەت لە چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکان، هەرێمی و نێودەوڵەتییه‌كان و روونیکردەوە کە بواری سەرەکی لە هەماهەنگی بازرگانی و ئابووری لە بوارەکانی نەوت و غاز لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و پسپۆڕانی بواری نەوت لە عێراق و رووسیا شارەزایی باشیان لەو بوارەدا هەیە، تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش قەبارەی وەبەرهێنانی رووسی لەو بوارەدا تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە ١٣ ملیار دۆلار. 

ماکسیم ماکسیمۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد کە توانای زۆر باش هەیە بۆ فراوانکردنی هەماهەنگی نێوان مۆسکۆ و بەغدا لە بوارەکانی دیکەدا و لەم چوارچێوایەدا لیژنەی هاوبەشی رووسی عێراق بۆ بازرگانی و هەماهەنگی ئابووری و زانستی و هونەری لە کارکردندان بە ئامانجی فراوانکردنی کەناڵەکانی ئابووری و جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا هەماهەنگییەکان چڕبوونەتەوە لە کردنەوەی بازاڕی عێراق بەڕووی کۆمپانیاکانی رووسی تایبەت بە دروستکردنی وێستگەی کارەبا و رووپێوی جیۆلۆجی و هەناردەکردنی گەنم و بەرهەمەکانی دیکەی کشتوکاڵی. 

- دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخان

ماکسیمۆڤ لەبارەی رۆڵی وڵاتەکەی لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق گوتی: "لەماوەی رابردوودا کۆمپانیا رووسییەکان پرۆژەیان لە عێراق ئەنجامداوە، و لە ئێستادا کۆمپانیاکانی وەک "رووسکیدرۆ" و "رووسکیولوکیا" و "هێڵی ئاسنی رووسی" تاوتوێی بەشدارییکردنیان دەکەن لە پرۆژەی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا لەوانە پرۆژەکانی ئاو و پەرەپێدان بە ژێرخانی هێڵی ئاسنی و رووپێوی جیۆلۆجی، هەروەها دووبارە بەرهەمهێنانی کانزا ئاسنییەکان و هایدرۆکاربۆن".

ئاشكراشیكرد رووسیا لە بواری هەماهەنگی رۆشنبیری و کولتووریدا دەتوانێت بەشداربێت لە دووبارە چاککردنەوەی شوێنه‌ شوێنەواری کولتوررییه‌كان بكات لە عێراق و رووسییەکان لەم بوارەدا شارەزایی باشیان هەیە و ئەزموونی کارکردنی شارەزایان و پسپۆڕانی رووسی لە سووریا یەکێکە لە نموونەکان، و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەبڕی بۆ کارکردنی هاوشێوە لەگەڵ عێراق. 

باڵیۆزی رووسیا لە به‌غدا ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا پرۆتۆکۆڵێک بەمەبەستی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی روشنبیری رووسیا و وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق لەنێوان ٢٠٢٠-٢٠٢٢ ئامادەکراوە و روونیکردەوە کە هەروولا لەسەر رەشنووسی ئەو پرتۆکۆڵە رێکەوتوون کە بنەماکانی هەماهەنگی لەبوارەکانی کتێبخانە و وێنەگرتنی سینەمای و میللی و هونەری شانۆ و کاروباری مۆزەخانەکان لەخۆدەگرێت.

ماکسیم ماکسیمۆڤ راشیگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا لە ئێستادا کار دەکرێت بۆ واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان مۆزەخانەی ئەرمیتاج لە شاری سانت پترسبۆرگ و مۆزەخانەی نیشتمانی عێراقی لە بەغدا و یاداشتەکە هەماهەنگی دوولایەنە لە بوارەکانی کردنەوەی پێشانگای هاوبەش وکاری دیکەی هونەری لەخۆدەگرێت. 

- هەماهەنگی لەبواری نەوت

ماکسیمۆڤ لەبارەی هەماهەنگی لە بواری نەوت لە نێوان عێراق و رووسیا گوتی: "کۆمپانیاکانی رووسی بواری نەوت وەک (زارونیجنفت) و (ئەسترۆیترانکاز) و (تات نەفت) و (سیوزینڤ غاز) و (ئەریال نەفت غاز سێرڤس) دەستیان بە کارکردن و کردووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆمپانیای (لوک ئۆیڵ) لە ئێستادا لە کێڵگەی (بڵوک-١٠) بەدوای نەوت دەگەڕێت کە بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان گەورەترین کێڵگەی نەوتە کە لەمیانی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە عێراق دۆزرابێتەوە".

گوتیشی: "وێڕای دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام کۆمپانیا رووسییەکان وەک (گاز پرۆم-نەفت) و (باش نەفت) و (رووس نەفت) بەردەوامن لە کارەکانیان لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و پابەندبوونە بە گرێبەستەکانیان". 

باڵیۆزی رووسیا لە به‌غدا لەبارەی هەماهەنگی لەنێوان رووسیا و عێراق گوتی: "رووسیا و عێراق جەخت لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی کارکردن لەنێوان سەرجەم وڵاتانی بەشدار لە چوارچێوەی (ئۆپک پڵه‌س) دەکەن و لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بەشدار دەبن لە گفتوگۆکان بۆ ئامادەکاریی رێکارەکانی داهاتوو".

- بواری ئاسایش

ماکسیم ماکسیمۆڤ لەبارەی هەماهەمگی لەبارەی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتی: "رووسیا چالاکانە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق دەکات، لەنێویاندا هەماهەنگی سەربازیی" و جەختی لەوە کردەوە کە بەهێزبوونی دامەزراوەکانی ئەمنیی عێراق بابەتێکی گرنگە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لایەنی رووسی بەپێی خشتەی دیاریکراو کە رێکەوتنی لەسەر کراوە، ژمارەیەک فڕۆکەی نوێی سەربازیی رادەستی عێراق کردووە لەوانە فڕۆکەی هێرشبەر لەجۆری (سۆ-٢٥) و هێلێکۆپتەری جۆرەکانی (می-٢٨) و(می-٣٥). 

گوتیشی: "ئەم یارمەتییانە لەکاتێکی زۆر هەستیاردا رادەستی عێراق کرا لەوکاتەی کە دژ رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەجەنگا و لەوکاتەدا سوپای عێراق پێویستی زۆری بەو جۆرە یارمەتییە هەبوو". 

راشیگەیاند "ئامانجی سەرەکی لە کاری ناوەندی زانیاری چوارقۆڵی ئاڵوگۆڕی زانیاریی و هەماهەنگی رێککارەکان بوو لەنێوان رووسیا و عێراق و ئێران و سووریا لەپێناو ئاشکراکرانی شانە نووستووەکانی داعش" و لەمبارەیەوە سوپاسی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و فەرماندە باڵاکانی سوپای کرد بۆ کارکردن لەو ناوەندەدا. 

- هەماهەنگی لەبواری تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

ماکسیمۆڤ گوتی: "زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی عێراق بۆ رووسیا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری لە دامەزراوە پزیشیکییەکانی رووسیا یەکێکە لە کارە هەرە لەپێشینەکانی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە بواری تەندروستییدا" و لەوبارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە تاوتوێی ئەنجامدانی رێکەوتنی راستەوخۆ لەنێوان وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێکخراوەکانی چارەسەریی رووسیا بەمەستی ئاسانکاری بۆ چارەسەری نەخۆشانی عێراقی" دەکرێت و راشیگەیاند، هەردوولا تاوتوێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەیوەندار دەکەن بەئامانجی باشترکردنی بنەمای یاسایی بۆ هەماهەنگی لەو بوارەدا. 

 ئاماژەی بەوەشکرد کە لایەنی عێراقی دانوستانی باشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی رووسی (خیمرار فارما) و (ئار-فارما) و (بیوکاد) کردووە لەبارەی دەرمانەکانی وەک (ئەڤیڤاڤیر) و (ئەرتلیکیا) و (ئەیلسیرا) بۆ چارەسەری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و روونیکردەوە کە ئەم دەرمانانە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە لە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا و لە چوارچێوەی لیستی پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی تەندروستی بۆ پاراستن و چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا جێگیرکراوە. 

ناوبراو خەختی لەوەشکردەوە کە زانایانی سەنتەری توێژینەوەی نیشتمانیی رووسیا پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە و تاقیکردنەوەکانیشیان تەواو کردووە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دانیشتووانی رووسیا بەم پێکوتەیە بکوترێن. 

- هەماهەنگی لەبواری خوێندنی باڵا 

باڵیۆزی رووسیا لە بەغدا، ماکسیم ماکسیمۆڤ گوتی: "هەماهەنگی لەبواری خوێندن یەکێکە لەو بوارانەی لەپێشینەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدایە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا نزیکەی چوار هەزار قوتابی عێراقی لە زانکۆکانی رووسیادا دەخوێنن. 

راشیگەیاند، حکوومەتی رووسیا ساڵانە ١٤٠ کورسی خوێندن بۆ عێراق تەرخان دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆکانی رووسیا ئامادەن ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکان بۆ گەنجانی عێراقی زیاتر بکەن و ئەمە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە بواری خوێندنی باڵا و چالاکییە زانستییەکان کە لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا واژووکراوە، جێگیرکراوە". 

ماکسیمۆڤ ئاماژەی بە ناوەڕۆکی ئەو یاداشتە کرد و رایگەیاند: "ناوەڕۆکی یاداشتە بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی دەبنە هۆی بەرەوپێشچوونی خوێندنی باڵا" و ئاماژەی بەوەشکرد کە وێڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بوارەکانی خوێندن بەردەوامە.

باڵیۆزی رووسیا لە بەغدا، ماکسیم ماکسیمۆڤ راشیگەیاند: "لەچوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لەنێوان زانکۆکان، لە ساڵی ٢٠١٨دا رێکەوتن لەنێوان زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر و زانکۆی مۆسکۆ واژووکرا و بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە شەش قوتابی رووسی لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر مەشقیان کرد".