هەواڵی کوردستان ئێستا

د. ڤیان: كورد و سوننە دژی كاندیدی شیعەكان نین بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران

د. ڤیان: كورد و سوننە دژی كاندیدی شیعەكان نین بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران
د. ڤیان: كورد و سوننە دژی كاندیدی شیعەكان نین بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران

2020-02-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


بەغدا-KDP.info- دوێنێ شەممە، سەرۆككۆماری عێراق، محەممەد تۆفیق عەللاویی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق و پێكهێنانی حكوومەت راسپارد، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، كورد و سوننە دژی كاندیدی شیعەكان نین بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كورد و سوننە دژی كاندیدی شیعەكان نین بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق، چونكە ئەوان لە ناوخۆیاندا لەسەری رێككەوتوون‌."‌

لەبارەی ماوەی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتیش لەلایەن سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، د. ڤیان گوتی: "ئەو ماوەیەی لە بەردەمی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێرداوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، مانگێكە و ئەگەر نەیتوانی لەو ماوەیەدا حكوومەت پێكبێنێت، ئەوا دەبێت كەسێكی تر دیاری بكرێت."

سەبارەت بە ماوە و كار و ئەركی حكوومەتی نوێش، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی دا، حكوومەتی نوێ ئەركی سەرشانیەتی هەروەك خۆی بەڵێنی داوە، ئەمنیەت دابین بكات و داواكاریی خۆپیشاندەرانیش جێبەجێ بكات، بۆیە ماوەی كاری حكوومەتی نوێ دیار نییە كە چەند دەبێت، ئەگەر توانی داواكارییەكان جێبەجێ بكات و ببێتە جێگای ڕەزامەندیی خەڵك، ئەوا لەوانەیە تا كۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان لە ئەركەكەی بەردەوام بێت.

دوای بەرێوەچوونی خۆپیشاندانەكان لە عێراق، (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و، رۆژی 1-12-2019 پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند كرد.

 

نەشوان بەرزنجی