هەواڵی کوردستان ئێستا

خۆشناو: حكوومەت بە ڕاپۆرت پەرلەمان لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی چاكسازی ئاگادار دەكاتەوە

خۆشناو: حكوومەت بە ڕاپۆرت پەرلەمان لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی چاكسازی ئاگادار دەكاتەوە
خۆشناو: حكوومەت بە ڕاپۆرت پەرلەمان لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی چاكسازی ئاگادار دەكاتەوە

2020-02-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- دوای پەسەندكردنی لە پەرلەمانی كوردستان، دوێنێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاسای چاكسازیی واژۆ كرد، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمان دەڵێ، پەیڕەوێك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و حكوومەت سێ مانگ جارێك بە ڕاپۆرت پەرلەمان لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی چاكسازی ئاگادار دەكاتەوە.

لەبارەی رێكارەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەیاسای چاكسازی، ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی پرۆژەیاسای چاكسازی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند كرا، دەبێتە یاسا و لە رۆژنامەی وەقایع بڵاو دەبێتەوە، دواتر پەیڕەوێك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و، هەموو هەوڵێكی ئێمەش لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە، كە یاساكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت."

خۆشناو ئەوەیشی خستە ڕوو: "جێبەجێكردنی پڕۆژەیاساكە هەندێك كاتی پێویستە تا پەیڕەوەكانیش دەردەچن، چونكە هەندێك ماددە و بڕگە لەنێو یاساكەدا هەن كە پێویستیان بە پەیڕەوی ئەنجوومەنی وەزیران نییە و ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەبن، بەڵام هەندێك بڕگە و ماددەی تر هەن پێویست دەكات ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەو دەربكات بۆ ئەوەی وردەكاریی زیاتر هەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاساكە".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: "لەگەڵ تیمی حكوومەت بەردەوام گفتوگۆمان لەسەر بابەتی چاودێریكردن هەبووە،‌ لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیش جەختی لێ كراوەتەوە، هەروەها لەلایەن بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش دووپات كراوەتەوە كە سێ مانگ جارێك ڕاپۆرت لەلایەن حكوومەتەوە ئاراستەی پەرلەمان دەكرێت لە هەنگاوەكان و قۆناغەكانی جێبەجێبوونی یاسای چاكسازی، واتا حكوومەت پەرلەمان ئاگادار دەكاتەوە."

دەشڵێت: "ئەمە هەنگاوی یەكەمە وەكو كلیلێك بۆ چوونەژوورەوەی پرۆسەیەكی زۆر زۆر گەورە كە پرۆسەی چاكسازییە و دەستی پێ كراوە و نیەتی حكوومەت  و پەرلەمانیش روونە، ئێمەش وەكو فراكسیۆنی پارتی پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێكی پرۆسەی چاكسازی دەكەین، كە سەرەتایەكی زۆر گرنگە و بە دڵنیاییەوە كاری باشتر و گەورەتری بەدوا دێت".

یاسای چاكسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەكان و خانەنشینیی هەرێمی كوردستان ــ عێراق ژمارە 2ی ساڵی 2020 كە ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەی كردووە، لە ڕۆژی 2020 / 16/1 لە پەرلەمان هاتە پەسەندكردن و رۆژی دووشەممە 20/1/2020 بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم ڕەوانە كرا، دوێنێ سێشەممەش 4/2/2020 لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە واژۆ كرا.

 

نەشوان بەرزنجی