رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتێكی یۆنامی دەداتەوە
هەولێر-KDP.info- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی راپۆرتێكی یۆنامی سەبارەت بە رەوشی منداڵان لە ململانێی چەكداری لە عێراق، رایگەیاند، بە سەدان تیرۆریست كردەوەی خۆكوژییان ئەنجام داوە كە بەشێكیان لە رێگای بەكارهێنانی مێرمنداڵانەوە بوون.
رۆژی ٢٣ی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٩ ئەمینداری گستیی نەتەوە یەكگرتووەكان، سێیەم راپۆرتی خۆی بە ناونیشانی (منداڵ و ململانێی چەكداری لە عێراق) بڵاو كردەوە و تێیدا بە شێوەیەكی گشتی باس لە رەوشی ئەو منداڵانە دەكات كە بوونە قوربانی ململانێی چەكداری لە ماوەی ١ی تەمموزی سالی ٢٠١٥ تا ٣١ تەمموزی ٢٠١٩. لە بەشێكی راپۆرتەكەدا چەند تێبینی و راسپاردەیەكی ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردووە سەبارەت بە چۆنیەتیی پارێزگاریكردن لەو منداڵانەی كە كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی ململانێی چەكداری لە عێراق. هەروەها باس لە دەرهاویشتە و كاریگەری شەڕی داعش دەكات بە شێوەیەكی گشتی بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.
سەبارەت بە راپۆرتی ناوبراو، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم رایگەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەو راپۆرتانە دەكات بە شێوەیەكی بابەتیانە و شەفاف كە باس لە هەرێمی كوردستان بكات، ئەوەی لە راپۆرتی ئەمنیداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان (منداڵ و ململانێی چەكداری لە عێراق) تێبینیمان كرد ئەوەیە ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بێ بنەمایە و سەرچاوەكانی دیار نین و شوێنی ئەنجامدانی رووداوەكانی بە روونی ئاشكرا نەكردووە، چونكە باس لە رەوشی منداڵان دەكات بە شێوەیەكی گشتی لە ئەنجامی شەڕی تیرۆریستان داعش لە ماوەی ١ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٥ تا ٣١ تەمموزی ٢٠١٩.
هەروەها پێش بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان هیچ لایەنێكی ئاگادار نەكردۆتەوە بۆ وردبوونەوە و بەدواداچوون لە راستی زانیارییەكانیان. لەلایەكی ترەوە تا ئێستا ژمارە هەرە زۆرەكەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی قوربانیانی دەستی داعش هەڵ نەدراونەتەوە تاكو زانیاری تەواو دەربارەی قوربانیان، ژمارەیان، تەمەنیان، شوێن و كاتی رووداوەكان ئاشكرا بكرێت. دیندار زێباری هەروەها گوتی: ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ هێزی پێشمەرگە و تێكەڵ كردنی بە كردەوەی میلیشیا چەكدارەكان و لەبەرچاو نەگرتنی ئەوەی كە گەلی كوردستان خۆی گەورەترین قوربانیی دەستی تیرۆرە ئەوە نیشان دەدات كە ئەم راپۆرتە پەلە كردنی زۆری پێوە دیارە بێ وردبوونەوە لە سەرچاوەكان.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم ئەوەشی راگەیاند: پێشمەرگە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووەوە لە سنوورێك كە زیاتر لە ١٠٠٠ كیلۆمەتر بووە و تەنیا لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا (زوممار، رەبیعە تا شنگال) زیاتر لە (326كم) خاكمان ئازاد كردووە. لەو ماوەیەدا چەندین شەڕی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش روویدا و داعش لەو ماوەیەدا بە سەدان ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراوی دژی پێشمەرگە بە كارهێنا، هەروەها بە سەدان تیرۆریست كردەوەی خۆكوژییان ئەنجامدا كە بەشێكیان مێرمنداڵ بوون و لەلایەن داعشەوە چەكدار كرابوون، جگە لەم كردەوە خۆكوژیانە داعش سەدان خانووی هاووڵاتیانیان خاپور كرد و لەدوای خۆیان ناوچەكەیان بۆمبڕێژ كرد بوو، بەداخەوە بەم كارە ژمارەیەك پێشمەرگە بوونە قوربانی لە كاتی پاككردنەوەی ناوچەكە لە مین و تەقەمەنی.
زێباری ئاماژەی بەوەش كرد كە سنووری رووبەرووبوونەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش زۆر فراوان بوو و لەو ماوەیەدا بەردەوام تیرۆریستان هەوڵیانداوە كرداری خۆكوژی ئەنجام بدەن و لەم كردەوە تیرۆریستانە جگە لە تیرۆریستان خەڵكی سڤیل و تەنانەت پێشمەرگەش بوونەتە قوربانی، و لەبەر سەختی شەڕەكان و نزیكی سەنگەرەكان لە یەكتری نەتوانراوە زۆر جار وەك پێویست تەرمەكان بنێژرێن، بۆیە بەشێوەی كاتی(ئەمانەت) بەپێی شەریعەتی ئیسلامی نێژراون و دوور نییە ئێستاش گۆڕی بە كۆمەڵ هەبن كە قوربانیانی دەستی داعشن.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە بارەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر كراون، رایگەیاند: لە چاكسازییەكانی ژنان و منداڵان چەندین مێرمنداڵ بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر كراون و بە بەڵگەوە سەلمێنراوە كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشدارییان لە كردەوە تیرۆریستییەكانیشدا كردووە، تا ناوەڕاستی ساڵی 2019 لە بنكەی چاكسازی هەولێر (٩٠) كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵ هەبوو لەوانە (١٤) كوڕ كە راگیراوە و (٥٠)ی دیكەش لە كوڕەكان فەرمانی سزایان بۆ دەرچووە ئەمانە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ كەمترە لەگەڵ (٢٦) ئافرەت و لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆریان كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابوون ئازاد كراون و رەوانەی ئەو شوێنانە كراون كە لێوەی هاتبوون، هەروەها سكاڵا دژی دەزگا ئەمنییەكان لەلایەن گیراوانەوە نەبووە، و لە چاكسازییەكان هیچ ئاسەوارێكی ئەشكەنجەدان لەسەر جەستەی دەستگیركراوان بەدی نەكراوە.
ئەوەشی روون كردەوە كە ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ كەمترە و روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و گومانیان لێ دەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار و گرنگییەكی تایبەتییان پێدەدرێت ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە ناحكوومییە بیانییەكان ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵیان، زێباری گوتی: لە كاتی دەستگیركردنیشیاندا ئەو مێرمنداڵانە هەمان مافی راگیراوانی دیكەیان هەیە وەك بوونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و لەم رووەوە رێكخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێكی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی كەیسەكانی راگیراوان لە چاكسازیی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكارییەكی زۆری ئەو پارێزەرە دەكەن و بەم دواییە ژمارەیەك لە گیراوان لە رێگای پارێزەرەكەوە ئازاد كراون، هەروەها دەتوانن تەلەفۆن بەكاربهێنن و پەیوەندیی بە كەسوكاریانەوە بكەن بە شێوەیەكی ئاسایی. لە لایەكی دیكەوە پرۆگرامێكی تایبەت دانراوە بە رەزامەندی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی بۆ ئەوەی ئەم دەستگیر كراوانە سوودمەند بن لە پرۆسەی خوێندن بە زمانی عەرەبی و بڕیار وایە بەم زووانە ئەم پرۆسەیەی دەستپێبكات بۆ ئەوەی گیراوان لە پرۆسەی خوێندن بێبەش نەبن.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سهر هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ رزگاركردنی ژن و منداڵەكانی داعش لە دەست و ئاماژەی دا: پێویست بوو یۆنامی لە راپۆرتەكەیدا ئاماژە بە قوربانییەكانی پێشمەرگە بكات لە میانەی شەڕی داعش بۆ سەلماندنی بێلایەنی راپۆرتەكەیان، كە لەو شەڕەدا ژمارەیان گەیشتە (١٨١٤) شەهید و (١٠٧٢٥) بریندار و (٤٤) دیل. لەلایەكی دیكەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست لە بوونی هەر حاڵەتێك كە پێشێلكاریی مافی مرۆڤی تێدا بێت، و ئێستاش ئامادەیە بۆ هەر لێكۆڵینەوەیەك سەبارەت بەم بابەتە، ئەمەش بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو پرەنسیپانەی كە پێوەی پابەندە و پەیڕەوی دەكات.