روفاتی 172 ئەنفالكراو دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گۆڕەبەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، وەرگرتنی سەمپڵی ئێسك و پروسكی روفاتی 172 كەسی ئەنفالكراوی سەماوە لە بەغدا تەواو بووە و، بڕیارە لە مەراسیمێكی شایستەدا بگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان و لە چەمچەماڵ بە خاك بسپێردرێن.
سیروان جەلال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یموكراتی كوردستان گوتی، پرۆسەی وەرگرتنی سەمپڵ لە ئێسك و پروسكی 172 روفاتی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی سەماوە تەواو بووە لە بەغدا و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا و لە مەراسیمێكی شایستەدا، بگەرێندرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە چەمچەماڵ لە گۆرستانی (بانی مەقام) بە خاك بسپێردرێن.
جەلال گوتیشی، ئەگەر هیچ رێگرییەك نەبێت، لە 14/4ی ئەمساڵ و لە ساڵیادی ئەنفالدا دەگەڕێندرێنەوە و بە خاك دەسپێردرێن، دەشڵێ: "لە ئێستادا دەستمان بە ئامادەكاری كردووە بۆ ئەوەی بیانگەڕێنینەوە".
ناوبراو دەشڵێ، حكوومەتی هەرێم ئامادەیی نیشان داوە بۆ هەر هاوكارییەك و، دەریشكەوتووە سەرجەمیان كوردن و خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانن.
بڵند ئیبراهیم