هەواڵی کوردستان ئێستا

په‌یامى نێچیرڤان بارزانى بۆ یادى دامه‌زراندنى یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان

په‌یامى نێچیرڤان بارزانى بۆ یادى دامه‌زراندنى یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان
په‌یامى نێچیرڤان بارزانى بۆ یادى دامه‌زراندنى یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان

2020-02-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٦٧)ەمین  ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کردن کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی كوردستان

سڵاوی خەبات و تێکۆشان،

بەبۆنەی (٦٧)ەمین  ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و كادیر و ئەندامانی ڕێكخراوەكەتان و سەرجەم لاوانی ئازیزی كوردستان دەكەم،  ئومێدەوارم هەمیشە لە كار و چالاكی و كۆششەكانتان بۆ خزمەتکردنی خواست و داواکانی توێژی لاوان بەردەوام بن و ئەم یادە هاندەرێک بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر و سەرکەوتنی زیاترتان.

مایەی شانازییە بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان کە وەک پێشەنگێکی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیی گەلەکەمان، خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و خەباتی نەپساوە و کۆکەرەوەی توانا و بەهرەکانی سەرجەم لاوانی کوردستان بووە و چەندین  سەرکردە و تێکۆشەری لێهاتووی پێشکەش بە کۆڕی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییمان کردووە. کار و خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەتان لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریخوازیمان و پرۆسەی گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا، بەرز دەنرخێنم..

لاوان سامانی نەتەوەیی و نیشتیمانین و توێژێکی گرنگ و کاریگەری بەرهەهێن و داینەمۆی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و پێشکەوتنی كۆمەڵگان، دەبێ ڕێز لە توانا و بەهرەکانیان بگیرێت و خەون و خواستەکانیان بە هەند وەربگیرێن.

هەلومەرجی چارەنووسسازی ئەمڕۆی گەلەکەمان ئەرک و خەباتی زیاتر لە هەموو لایەک دەخوازێت، بەتایبەت بۆ پتەوترکردنی یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی کوردستاندا. هەمیشە چاوەڕوانی بینینی ڕۆڵی دڵسۆزانە و کاریگەر لە ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان دەکەم لە زیاتر بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانپەروەری و هەستی بەرپرسیارێتی لای لاوان دەرهەق بە ئەرکەکانیان وەک تاکی دڵسۆز، بەرهەمهێن، چالاک و کاریگەری کۆمەڵگاکەیان، لەگەڵ بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان، لەپێناو سەقامگیریی زیاتر و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی و ئایندەیەکی گەشتردا بۆ گەل و نیشتیمان.

گرنگە هەمیشە بە دیدگا و بەرنامه‌ى نوێ و سەردەمیانەوە کاری ڕێکخراوەییتان ئاراستە بکەن بە جۆرێک وەڵامدەرەوەی ڕۆحی قۆناغەکە و پێداویستییەکانی و پێشکەوتنە خێرا و گەورەکانی سەردەمەکەمان و چاوەڕوانییەکانی لاوانی کوردستان بێت. بە دڵنیاییەوە ئێوە لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیەدان و متمانەی تەواوم بە توانا و دڵسۆزی و لێهاتووییتان هەیە.

هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان دەخوازم.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی تێکۆشەر.

سڵاو بۆ گیانی پیرۆزی شەهیدانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم شەهیدە قارەمانەکانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان