فراكسیۆنە كوردستانییەكان: به یهكههڵوێستیمان نامەیەكی بەهێزمان داوهته ناوەوه و دهرهوهی عێراق
هەولێر-KDP.info- فراكسیۆنە كوردستانییەكان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق دهڵێن، لەم قۆناغەدا سوورین لەسەر ئەوەی یەكڕیزی و یەكدەنگی بپارێزین و بەردەوامیش دهبین لهسهر یهكڕیزی له پێناو بهرژهوهندیه باڵاكانی كوردستان دهشڵێن، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكی ڕاسپێردراو بۆ حكوومەتی عێراق قسەمان كرد دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەیە."
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
پهیوهست به یهكدهنگی و یهك ههڵوێستی فراكسیۆنه كوردستانیهكان له بهغدا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووینەوە، هەموومان كۆك بووین لەسەر ئەوەی یەكدەنگ و یەكبڕیاربین لەم باردۆخەی كه ئێستا عێراق پێیدا تێدەپەڕێت لەسەر بابەتی پێكهێنانی حكوومەت و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان و مافە دەستووری و یاساییەكان و بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان."
سەبری دەشڵێت: "زۆر گرنگە بە یەك هەڵوێست و بە یەك پلان كار بكەین، چونكە كوردستان سوود لە پەرتی و ناكۆكی نێو لایەنە سیاسیەكانی نابینێ لە بەغدا كه چەندین جار بڕیارگەلێك هەبوون بەسەرماندا تێپەڕیون لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئهویش بە هۆی ئەم پەرتەوازەیی و پەرت و بڵاوییەی دەنگی كورد بووە له بهغدا، بۆیە هەوڵمان داوە بەیەكەوە كار بكەین. لەکۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەریەکهمان کۆپییەک لە کارنامەی کارمان وەرگرتووە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، زۆر گرنگیشە بە پراكتیكی كار لەسەر ئەم كارنامەیەی بەردەستمان بكەین و هاوپەیمانییەتێكی كوردی هەبێت و لەسەر پرسەكانی بەغدا كۆك بین، دوای شەشەم كۆبوونەوەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، دهكرێ بڵێین كه سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵی گرنگی لەم یەكڕیزی و یەكگوتارییەی نێو لایەنە سیاسییەكان هەیه."
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
ههر پهیوهست به یهكڕیزی لایهنه كوردیهكان له بهغدا، جوان ئیحسان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەم كاتەدا كە قۆناغێكی هەستیار لە عێراق و ناوچەكەدا دەگوزەرێ، یەكدەنگی و یەكڕیزیی كورد زۆر گرنگە، به تایبەت لە بەغدا كورد پێویستە بەردەوام بێت لە یەكدەنگی، چونكه ئەم پێشهاتانەی لە بەغدا دێنە پێشەوە، جیاوازترە لەوەی لە نێو كوردستان دەگوزەرێ، بۆیە، لەم قۆناغەدا زۆربەی فراكسیۆنەكان زۆر سوورین لەسەر ئەوەی له قۆناغی داهاتوودا یەكڕیزی و یەكدەنگی بپارێزین و بەردەوام بین، وەك فراكسیۆنی یەكێتی بەشدارین لە سەردانیكردنی لایەنە شیعی و سوننەكان، ئێمەش دەمانەوێت كوردستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت و كۆك بین لەگەڵ یەكتریدا."
فراكسیۆنی كومەڵی ئیسلامی
هاوكات سەلیم شوشكەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەفدی كوردستانی و لایەنە كوردستانییەكان لە بەغداین و سەردانی محەمەد تۆفیق عەللاویمان كرد، كورد لە ئێستادا وەك یەك تیم بەشدارە لە گفتوگۆكاندا، ئەمەش هێز و توانایەكی زیاتری داوەتە كورد، پێمان وایە كە دەستكەوتی باشترمان دەبێت و ئاسانتر دەتوانرێ داخوازییەكانی كورد جێبەجێ بكەین، هەنگاوێكی گرنگمان ناوە و ئەمەش نامەیەكی بەهێزە بۆ دەرەوە و ناوەی عێراق، ئەم هەنگاوەشمان بە نیازپاكی ناوە تاكو هەموو كورد بەیەكەوە نوێنەرایەتییەكی تەواوی هەرێمی كوردستان بكەین، لە هەمان كاتدا تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانیش بە یەك دەنگ لەگەڵ یەكین".
شوشكەیی گوتیشی: "لە ئێستادا بۆچوونەكانی خۆمان یەك خستووە و، ئەو بۆچوونانەش كە لێك دوورن، هەوڵمان داوە لێكمان نزیك كردوونەتەوە، هەروەها لەسەر هەموو خاڵە مەبدەئییەكان ڕێككەوتوین تا ئێستاش لە گفتوگۆداین، دوێنێش زۆربەی لایەنە شیعی و سونەكانمان لە بەغدا بینی و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆكی ڕاسپێردراو بۆ حكوومەتی عێراق قسەمان كرد دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەیە."
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
ههر پهیوهست به یهكدهنگی لایهنه كوردستانیهكان له بهغدا، جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە كوردستان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی كۆبووینەوە و زنجیرە كۆبوونەوەیەكیشمان كرد لەگەڵ هەموو لایەنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەغدا، كە لە كۆبوونەوەكاندا بڕیاری یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی و یەكگوتاریمان دا، هەر بۆیە دوێنی شاندێك كە لە هەموو لایەنەكان پێكهاتبوو، سەردانی محەمەد عەللاوی و سەرۆككۆمار و لایەنەكانی سوننە و شیعەكانمان كرد و بە یەك گوتار قسەی خۆمان كرد، گرنگییەكەشی ئەوەیە كە شاندی كوردستان گشتگیرە و تەواوی هێز و لایەنەكانی تێدایە و هەمووان هاوڕاین بێ جیاوازی، هەروەها قسەكانی شاندی كوردستان دیارە و دەزانێت تەنگەژە و قەیران و گرژی لە عێراق هەیە و كێشەیەكی قوڵ و گەورەیە، بۆیە پێویستە گشتمان بەرپرس بین لێی و چارەسەرێك بدۆزینەوە، هەر بۆیە بە یەك گوتار قسەكانی خۆمان گەیاندە بەغدا."
فراكسیۆن بزووتنەوەی گۆڕان
بەهار مەحموود فەتاح، لە فراكسیۆنی گۆڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕابردوو و لە ئیستاشدا یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد زۆر گرنگە لە بەغدا بۆ كوردستان، چونكە لایەنە كوردستانییەكان هەمیشە لە پەرتەوازەییدا زەرەرمان كردووە، بەڵام لە دوای كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی بەغدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، بەشدار بووین و هەمان قسەمان كرد لە كۆبوونەوەكە و سەرۆكی هەرێم دڵنیایی دا كە ئەم كۆبوونەوەیە وەك سەرەتایەك ببینن بۆ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و هەنگاوی یەكەممان بێت بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستووری و پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان لە بەغدا."
فایزە كۆیی