هەواڵی کوردستان ئێستا

سه‌فار: دووشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌سته‌مه‌ ده‌نگ به‌ كابینه‌ی نوێ بدرێت

سه‌فار: دووشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌سته‌مه‌ ده‌نگ به‌ كابینه‌ی نوێ بدرێت
سه‌فار: دووشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌سته‌مه‌ ده‌نگ به‌ كابینه‌ی نوێ بدرێت

2020-02-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


به‌غدا-KDP.info- ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ‌فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هیچ حكوومه‌تێك به‌بێ كورد و سوننه‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو بتواندرێت ده‌نگ به‌ كابینه‌ی نوێ بدرێت.

د. ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سه‌رۆكوه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، محه‌مه‌د عه‌لاوی، ڕێككه‌وتنی به‌نه‌هێنی له‌گه‌ڵ شیعه‌كان كردووه،‌ كوتله‌ی سه‌در و عامری پشتگیریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ سوننه‌ و كورد نه‌كردووه‌ و تاوه‌كو ڕێككه‌وتن نه‌كرێت، ئێمه‌ش نازانین له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌شداری ده‌كه‌ین، یاخود نا و، چاوه‌ڕێی سه‌ركردایه‌تیی خۆمان ده‌كه‌ین."

د. ئه‌حمه‌د سه‌فار گوتیشی: "ئه‌سته‌مه‌ حكوومه‌تێك بەبێ پارتی دروست بێت و ده‌نگی پێ بده‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانین له‌ هه‌موو عێراق و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ هه‌موو هاوپه‌یمانین."

سه‌فار ڕوونیشی كرده‌وه: "عه‌لاوی داوای كردووه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو بڕیاره‌ كابینه‌ی خۆی پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام پێویسته‌ پێش كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به ‌48 سەعات سیڤیی وه‌زیره‌كان پێشكه‌ش بكات، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران بیبینن، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ بتواندرێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت."

ئەو گوتیشی: "پێویست بوو عه‌لاوی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و ڕێككه‌وتن بكات، به‌ڵام وه‌فدێكی هه‌رێم هاتووه‌ بۆ به‌غدا،  هێشتا ڕێككه‌وتن نه‌كراوه‌ و هیچ حكوومه‌تێكیش بەبێ كورد و سوننه‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت، چونكه‌ ناكرێت له‌خۆڕا وه‌زیر بۆ كورد دیاری بكرێت، با حكوومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆش بێت."

بڵند ئیبراهیم