وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەكردنی چەند خواردنێك لە ئێرانەوە قەدەغە دەكات
هەولێر-KDP.info- راوێژكارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایدەگەیەنێت، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كورۆنا لە ئێران، وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەی چەند جۆرە خواردنێكی قەدەغە كردووە و لە داهاتووشدا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندییدارەكان لەسەر هەمان بابەت لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین.
حوسێن حەمە كەریم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی هاوردەی ئاژەڵ و پەلەوەر و باڵندە و ماسی و سەرجەم خواردنە دەریاییەكان لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ كوردستان، ئەمەش لە پێناو رێگریكردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە".
لە بارەی سەوزە و میوەشەوە گوتی: "تا ئێستا هاوردەی سەوزە و میوە قەدەغە نەكراوە، لە ئێستاشدا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لە هەماهەنگیی بەردەوامداین و لیژنەیەك پێك هاتووە بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە، رەنگە لە داهاتووشدا قەدەغە بكرێت، چونكە ئێستا لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی حكوومەت سەرپەرشتیی ئەم كەیسە دەكات".
هێدی كاكەیی