هەواڵی کوردستان ئێستا

سبەی وەزیری تەندروستی بانگھێشتی پەرلەمان دەكرێت

سبەی وەزیری تەندروستی بانگھێشتی پەرلەمان دەكرێت
سبەی وەزیری تەندروستی بانگھێشتی پەرلەمان دەكرێت

2020-02-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بانگھێشتی پەرلەمان بكرێت، سەرۆكی لیژنەی تەندروستیش لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، ھەموو رێكارەكان بۆ بەرەنگابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونەتە بەر.

دكتۆر سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سبەی دووشەممە، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بانگھێشتی پەرلەمان دەكرێت لەبارەی ئامادەكارییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چونكە كۆرۆنا گەیشتووەتە ئێران و وەك بڵاو كراوەتەوە لە پارێزگای زیقاریش حاڵەتێك تۆمار كراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە پێویستە ھەرێمی كوردستان لە ئامادەباشیدا بێت بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی بكرێت".

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی گوتیشی: "ئێمە سبەی لەگەڵ وەزیری تەندروستی باس لە وردەكاریی خۆئامادەكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین، چونكە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ رێكاری پێویستیان گرتووەتە بەر و پێویستە ھەرچی لە توانادایە بۆ پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بە تایبەتی خەڵكی ئێمە سەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات".

زێباری جەختیشی كردەوە: "نابێت ھاووڵاتیان لە ڕووی دەروونییەوە تووشی دڵەڕاوكێ ببن، بەڵكوو پێویستە رێنماییەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە جێبەجێ بكەن و ھەر رێكارێكیش پێویست بێت بۆ ئەوەی رێگری بكرێت، حكوومەت دەیگرێتە بەر و چەندین رێكاریش ئێستا جێبەجێ دەكرێن، بە تایبەتی لە سنوورەكان و ژمارەیەك نەخۆشخانە و هۆتێلیش ئامادە كراون بۆ پێشوازی لە ھەر حاڵەتێك یان پشكنینی ھاووڵاتیان".

 

قائید میرۆ