گەردی: بە پشتگوێخستنی ھەر پێکھاتەیەکی عێراق سەقامگیریی ناوچەکە تێک دەچێت
ههولێر -KDP.info- وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا شەوی ڕابردوو بە تەلەفۆن داوای لە کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کردووە کێشەکانی لەگەل کورد و سوننە چارەسەر بکات، شارەزایەکی دەستووریش دەڵێ، عێراق تەوافوقی تێدا نەمێنێ، سەقامگیریی ناوچەکە تێک دەچێت.
دکتۆر تارق گەردی، شارەزای دەستوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گەیاند: "عێراقی نوێ، بەتایبەتی لەدوای دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ لە سێ پێکھاتەی سەرەکی پێک دێت، ئەوانیش کورد و عەرەبی شیعە و سوننەن، ئەگەرچی بەڕێژە عەرەبی شیعە ٥٥%ی دانیشتووانی عێراق پێک دێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دەستووری تەوافوقی بووە، ھەموو حکوومەتەکانیش بە تەوافوق پێک ھاتوون، ھەتا ھەرسێ سەرۆکایەتییەکە وەک عورفێک بە تەوافوق بەسەر سێ پێکھاتەکەدا دابەش کراون، بەڵام ئەگەر بێت و زۆرینە بیەوێ بەناوی دیموکراسیەتەوە حوکمی ئەوانی دیکە بکات، ئەوە عەدالەتی تێدا نامێنێ."
ئەو شارەزایەی دەستوور گوتیشی: "کە ئێمە جارێکی دیکە لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق گەڕاینەوە بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور بوو وەک گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ گەلانی عێراق، لە سێ شوێن دەستوور ئاماژە بە تەوازنی سیاسی دەکات، بەتایبەتی کورد و عەرەب."
دکتۆر تارق گەردی ڕوونی کردەوە: "ئەگەر لەناو شیعە ململانێ ھەبێت بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران ئەو پڕۆسەیەکی دیموکراسیە، بەپێچەوانەوە سەرۆکوەزیران شیعە بێت و لەژێر عەباوە خەڵک بکرێتە وەزیر و بەناوی سەربەخۆوە کوتلەکان وەزیر دانێن، ئەوە سەربەخۆ نییە، ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و وەک ھەرێمێکی فیدڕاڵی، حکوومەت و دەزگای فەرمی و شەرعیی خۆی ھەیە، ھەر ھەماھەنگییەک ھەبێت، دەبێت لە ڕێگەی دەزگا فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بێت."
قائید میرۆ