هەواڵی کوردستان ئێستا

مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی و شاندێكی پەرلەمانی بەلجیكا كۆبوونەوە

مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی و شاندێكی پەرلەمانی بەلجیكا كۆبوونەوە
مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی و شاندێكی پەرلەمانی بەلجیكا كۆبوونەوە

2020-03-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە شاندیكی هاوبەشی پەرلەمان و ڕێكخراوی قوربانیانی دەستی تیرۆری بەلجیكا و لێكۆڵەر و ڕۆژنامەنووسی بەلجیكی بە سەرۆكایەتیی جۆرج دەلیمان، ئەندامی  پەرلەمانی فەیدراڵی بەلجیكا و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئەندامی پارتی كریستیان دیموكراتی ئەو وڵاتە كرا.

لە دیدارێكدا، بارودۆخی ئێستای عێراق بۆ شاندی میوان خرایە ڕوو، بەشێكی دیكەش لە گفتوگۆكان پەیوەست بوون بە ڕەوشی ئاوارەكان و هۆكاری نەگەڕانەوەیان بۆ جێگای خۆیان. لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری پاڵنەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ جێگای خۆیان، هۆكاری نەگەڕانەوەشیان، بۆ نەبوونی متمانە بە هێزەكانی كە ئێستا لەوێن و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دەگەڕێتەوە. ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە پاش ١٦-١٩-٢٠١٧ دروست بووە، دەرفەتی بە داعش و گرووپە توندڕۆكان داوە بۆ دووبارە خۆڕێكخستەوە و ئەمەش هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و جیهان بە گشتی دروست دەكات و پێوستی بە هەماهەنگی و هەوڵی زیاتری نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی.

نەبوونی هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ مامەڵەكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەكان، بەشێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و، هەروەها باس لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، دۆخی كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا و شنگال و قوربانیانی جینۆساید و پاكتاوی ڕەگەزیی كوردانی ئێزدی، پرسی ئاوارە و لێقەوماوەكانی شەڕی تیرۆر لە كوردستان و سووریا كرا.

بەڕێز دەیلمان و شاندی یاوەری كە پێك هاتبوون لە فیلیپ ڤاستێنكیست، سەرۆكی ڕێكخراوی قوربانیانی پەلامارە تیرۆریستییەكان و ژمارەیەك لە  فۆتۆگرافەر و ڕۆژنامەوانانی میدیای بەلجیكی لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی  La Libre Belgique  و تەلەڤزیۆنی ئەهلی بەلجیكا RTL.Tvو لە هەفتەنامەی Paris Match-Weekly newpaperسوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەو قوربانی و قارەمانییەتیەی بەرامبەر بە تیرۆریستان نواندیان.

بەڕێزیان ڕایگەیاند، حكوومەتی بەلجیكا و یەكێتیی ئەورووپا پێزانینی زۆریان هەیە بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانەی كە ڕویان تێكردووە، بە تایبەتی مامەڵەی مرۆڤدۆستانەی لەگەڵ لێقەوماوانی بەشەكانی دیكەی عێراق بە گشتی و بە تایبەتی دانیشتووانی شنگال و دەشتی نەینەوا. هەروا چەندین بابەتی جێی بایەخی تر لەسەر كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە كوردستان لە نێوان هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكان كە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنها لە كوردستاندا بوونی هەیە و جێگای شانازییە بۆ گەلی كوردستان و هاوپەیمانانی.

هاوكات قەیرانی سیاسی و ئەمنی و سەربازی و ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان، گفتوگۆیان لەسەر كرا. پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە كە دەبێت هەموو لایەك خۆیان لە ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە بەدوور بگرن و پەنا بەرنە بەر گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق و شەڕی له‌ سووریا و كاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان باسی لێوە كرا، ئایندەی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان  بەلجیكا و هەرێمی كوردستان و برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بە وردی بیروڕای لەسەر گۆڕدرایەوە.