ئەیاد حەسەن: بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامە
دهۆک-KDP.info- سەرەڕای خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازرگانی نەبووە و بەرپرسێکی بازرگانانیش ھاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە، پێداویستیی بازاڕ لە کۆگاندا ھەیە.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو حکوومەتی تورکیا، وەک ھەنگاوی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتوچۆی لە ڕێگەی ئیبراھیم خەلیلەوە ڕاگرتووە، بەڵام جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامە، ئەمڕۆش دانوستان لە نێوان ئێمە و تورکیا ھەبووە لەبارەی بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی و بە ھیچ شێوەیەک ڕانەگیراوە."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دھۆک گوتیشی: "ئامێری پێشکەوتووی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خاڵە سنووریەکان جێگیر کراوە و ئەگەر بێت و بڕیار بدرێت جووڵەی بازرگانی ڕابگیرێت، تەنیا بۆ چەند ڕۆژێک دەبێت و ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نابێت، چونکە ئێمە ڕێگەی دیکەمان بۆ ھێنانی کەلوپەل ھەیە، ھەروەھا پشکنین بۆ کەلوپەلەکان دەکرێت."
ئەیاد حەسەن جەختی کردەوە: "کۆگاکانی ھەرێمی کوردستان قەبارەیەکی زۆری خۆراک و پێداویستییان تێدا ھەیە، لەبەر ئەوەش، ھاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە مەترسیی ھیچ گرانییەک لە ئارادا نییە و بەردەوامیش لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە چاودێریی بازاڕ و ڕەوشی بازرگانی دەکرێت."
قائید میرۆ