عێراق و کۆمپانیایهكی فهرهنسی بەبەهای 27 مليار دۆلار گرێبەستێک واژۆ دەکەن
دیجیتاڵ میدیای سپێده
حکومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فڕەنسی بەبەهای 27 مليار دۆلار گرێبەستێکیان لەبواری وەبەرهێنان لەکەرتی غاز، رێککەوتنەکە هاوکاری عێراق دەکات لەچارەسەری کێشەی وزە و کەمکردنەوەی پشت بەستن بەو وزەیەی کەدۆستی ژینگە نیە.
شەوی رابردو بەئامادەبونی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق و پاتریک بۆیانیە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵی فڕەنسی رێککەوتنەکە واژۆکرا بەبەهای 27 مليار دۆلار، وەزیری نەوت لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا وتی، "رێککەوتنەکە گەورەترین وەبەرهێنانی کۆمپانیایەکی بیانیە لەعێراق و ئاستەنگی سەرەکیمان لەئێستادا جێبەجێکردنی پڕۆژەکانە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "یەک لەسەر سێی بودجەی پرۆژەکە لەماوەی 7 ساڵدا خەرج دەکرێت، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانیش بونیاتنانی ژێرخان و چارەسەرکردنی گازی بەرهەمهاتوە لەگەڵ نەوت کە بە دو قۆناغ دەبێت و توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە 600 ملیۆن پێ سێجا گازی هاوتای نەوتی هەیە.
بەگوێرەی گرێبەستەکە دو لە پرۆژەکان پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی "ئەرتاوی" و گواستنەوەی ئاوی شەتولعەرەبە بۆ بیرە نەوتییەکانی کێڵگەکە.
یەکێک لەپڕۆژەکان دامەزراندنی پڕۆژەیەکی وزەی کارەبایە کە لە رێگەی وزەی خۆر بەرهەمدێت.
ئیحسان عەبدولجەبار باسی لەوەشکردوە، لەگەڵ تۆتاڵ گەیشتونەتە رێککەوتن لەو کێڵگانەدا ئامێری پێویستی جیاکردنەوەی گاز دابنێن و لە کێڵگەی "ئەرتاوی"یش ژێرخانی پرۆژەی پاڵاوتنی گازی جیاکراوە دابمەزرێنن، بە تەواوبونی وەبەرهێنانەکەش، عێراق یەک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی بواری وزە بەخۆوە دەبینێت.