هەواڵی کوردستان ئێستا

به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ ئێران رێگە بە كارێكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدات

به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ ئێران رێگە بە كارێكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدات
به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ ئێران رێگە بە كارێكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدات

2021-09-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


  سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی ئاشکرای کرد کە پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کارتی یادگەی کامێراکانی چاودێری وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەگۆڕن.  

محەمەد ئیسلامی، لە تارانی پایتەخت پێشوازیی لە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، رافائێل گرۆسی کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیشیان پێکەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ساز کرد.

سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، کۆبوونەوەکەی بە "باش و بنیاتنەرانە" وەسف کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیاریان داوە بەشداری کردن لە کۆبوونەوەکانی دەستەی سەرۆکایەتی سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران و دانوستانەکان، درێژە پێبدەن.

محەمەد ئیسلامی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە گفتوگۆیان لەسەر بابەتە تەکنیکییەکان کردووە بەڵام باسیان لە بابەتە سیاسییەکان نەکردوە، هەروەها رێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا گرۆسی دووبارە سەردانی تاران بکاتەوە.

سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران گوتیشی: "لەسەر ئەوە رێککەوتین کە پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ پشکنینی کارتی یادگەی کامێراکانی چاودێری بێنە ئێران. دواتر کارتی یادگەی کامێراکان مۆر بکەن و کارتی نوێیان تێبکەن. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە متمانەیە، پێویستە متمانەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بپارێزرێت".

لای خۆیەوە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، رافائێل گرۆسی، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەشداری کۆبوونەوەی ڤییەنای ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات کە دوو هەفتەی دیکە بە بەشداری ئێران ئەنجام دەدرێت و دواتر سەردانی تاران دەکاتەوە، گوتیشی: "وزەی ئەتۆم یەکێکە لە گرنگترین رۆژەڤەکانی جیهان. بەردەوامی کاری تەکنیکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێران گرنگی خۆی هەیە و دەبێتە دڵنیایی بۆ ئاژانسەکە و جیهان".