بیلارووسیا پێشنیازێك دەداتە ئەوروپا بۆ چارەسەركردنی پرسی كۆچەرانی كورد
دیجیتاڵ میدیای سپێده
حكومەتی بیلارووسیا بۆ چارەسەركردنی پرسی ئەو هەزاران كۆچبەرەی كە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتی هەرێمی كوردستانن و لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بیلارووسیا بەمەبەستی دەربازبوون بۆ ئەوروپا كۆبوونەتەوە، پێشنیازێكی داوەتە یەكێتیی ئەوروپا.
بەپێی ئاژانسی ئاژانسی مۆنتیكارلۆی فەڕەنسیی ، رۆژی پێنجشەممە ناتالیا ئیزمۆنت وتەبێژ بەناوی ئەلێسكاندەر لۆكاشینكۆی سەرۆكی بیلارووسیا رایگەیاندووە كە نزیكەی 7 هەزار كۆچبەر لەوڵاتەكەیاندان كە 2 هەزاریان لەكامپەكانی سەر سنووری پۆڵەندا كۆبوونەتەوە.
ئیزمۆنت ئاماژەی بەوەكرد كە یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت ڕێرەوێكی مرۆیی بۆ ئەو دوو هەزار كۆچبەرەی ناو كامپەكانی سەر سنووری پۆڵەندا بكاتەوە، ئەگەر ئەوەیان پێ باش بوو، ئەوە دەكرێت ئەو پێنج هەزار كۆچبەرەكی تریش بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان.
هەروەك باسی لەوەشكرد كە ئەنگێڵا مێركڵی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا دانوستان دەكات بۆئەوەی ڕێڕەوێكی مرۆیی بۆ گەیاندنی كۆچبەرەكان بەرەو ئەڵمانیا بكەنەوە، بەڵام هێشتا حكومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بەو لێدوانە هیچ كاردانەوەیەكی نەبووە.