هەلەو واشنتن: ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە و باسێکی جیاواز
2022-03-18 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
یادی 34 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەی ئەم ساڵ لە پارێزگای هەڵەبجە لە کەشێکی پڕ لە جیاوازی بەڕێوەچوو. لە نێوان خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری قوربانیەکان، هەروەها دەسەڵاتدارنی حکومەتی هەرێم. هەرچەندە لەسەر ئاستی فەرمی چەندین کاربەدەستی باڵای عێڕاق و نوێنەری باڵوێز خانەکان، ئامادەی یادەکە بوون. بەڵام یادەکان لە هەڵەبجە بە چوار شێوە کرایەوە. هەرچی حکومەت و دەسەڵاتی ئیداری شارەکەبوو، لەگەڵ هەندێک لە کەسوکاری قوربانیەکان بە جۆرێک و هەندێک لە کەسوکاری قوربانیەکانیش بایکۆتیان هەڵبژارد و هەندێکی تر خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد، تەنانەت کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجەش بە تەنها یادەکەیان کردەوە . لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن، جگە لە تاوتوێکردنی ئەو دابەش بوونە، باسی بابەتێکی زیندووکراوە، جیاواز لە میدیاکانی تر کە بە گشتی باس لە کەموکورتیەکانی ئەو شارە کراوە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەوە گوایە پەراوێزخراوە. لە بەرنامەکەدا پرسی بە جینۆسایدناساندنی دۆسێی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی عێڕاقی و ئەو هۆکارانەش کە نەتوانراوە ئەم پرسە بکرێتە پرسێکی نەتەوەیی باس کراوە. هەروەها باس کردنی ئەوەی بۆچی تاوەکو ئێستا کورد وەکو نەتەوەیەک نەیتوانیوە ئەو تراژیدیایانەی کە بەسەریاندا هاتووە بیکەنە فیلم و جیهانی دەرەوە بەو کارەساتانە ئاشنا بکەن کە لە سەردەمی بەعسدا ڕوویان داوە. میوانی ئەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن، نوسەرو وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەییە، هەروەها لەگەڵ شانۆکار بەرزی حسێن. لەم بەرنامەیەدا زیاتر سەنگ دەخەینە سەر ئەو مژارەی کە بۆچی نەتوانراوە لە ڕووی هونەری و کلتوری و بواری فلمسازیەوە، ئاوڕێکی ڕژد لە کارەساتە مرۆییەکان بدرێتەوە کە بەسەر کورددا هاتوون. لە کاتێکدا ئەو ڕێگایە زۆر خێراو کاریگەرە بۆ ناساندنی پرسی نەتەوەیەک. بەرزی لە بارەی یادی ئەمساڵەوە، پێیوایە یادەکە هەر نەکراوەتەوە، ئەو دەپرسێت؟ یاد کردنەوەی کارەساتێکی ئاوها کەی بەو جۆرە دەبێت، خوێندنەوەی دوو سرود و هەندێک شتی سادەی بەو جۆرەی کە بینیمان. لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەمساڵ جیاوازیەکی زۆر بە دی دەکرا لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە ڕووی بەرەو پاش چوونەوە، کارەساتە لە ساڵی 2022 دا بایکۆتێکی سەرتاسەری یاد کردنەوەکە بکرێت، لە بری هەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی، خەڵک بایکۆتی یادەکە بکەن. ئەوە لوتکەی بێ هیوایی هەڵەبجەییەکان بوو، هیچ ساڵێکیش بەو شێوەیە نەبووە، ساڵانی رابردوو بەرپرس و کاربەدەستان، ئەگەر بەڵێنێکیشیان دابێت و درۆیان کرد بێت، یان کەمێکیشیان جێبەجێ کرد بێت، ئەمساڵ درۆکانیش نەبوون." ئەو ڕووداوە تراژیدیانەی کە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتوون، زۆربەیان لە جیهاندا وەک جینۆساید لێی ڕوانراوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا ئەو نەتەوە و وڵاتانە کاری ڕشدیان بۆ بەجینۆساید ناساندنی کردووە. لەو بارەیەوە مەریوان هەڵەبجەیی دەڵێت "مەسەلەی بە جینۆساید ناساندنی بۆ کورد وەک نەتەوە گرنگە، لە هەمان کاتدا بۆ کەسوکاری قوربانیانیش گرنگە. بەداخەوە لە دوای ڕووخانی رژێمەوە لە 2003 ەوە هەوڵەکانی بەجینۆساید ناساندنی کەیسی هەڵەبجە، هەوڵی ڕژد نەبوون. تاوەکو بتوانن کەمترین قەرەبوو بۆ خەڵکی ئەو شارە لە حکومەتی عێراقی مسۆگەر بکەن، هەرگیز کاری بونیادیان بۆ نەکردووە. هیچ پلانێکیان نەبووە کە نیشانی بدات کە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کاریان بۆ کرد بێت، حزبە کوردیەکان لە بەغدا ئەوەندەی خەریکی بەدەستهێنانی پلەو پایەکانی بەغدا بوون وەکو دەسکەوتی حیزبی، هەرگیز وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی سەیری ئەو پرسەیان نەکردووە. تاوەکو ئێستا هەرچییەک دەڵێن لەسەر ئاستی بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە، لە وتاردان و دروشم تێپەڕ نەبووە." ساڵانە ئەو کارەساتە مرۆییانەی لە جیهاندا ڕوویان داوە، لە پێناو زیندوو ڕاگرتنی و هێشتنەوەیان لە دیرۆکی خەڵکدا چەندین کاری هونەری لە بوارە جیاکاندا بەرهەم دەهێنن، کورد لەو ڕووەشەوە دەست سپیە وەک بەرزی دەڵێت "لە دنیادا وڵاتانی دیش کارەساتی مرۆیی و قڕکردنیان بەسەردا هاتووە، دیارترینیان قڕکردنی جووەکان و ئەرمەنەکان و هەروەها کارەساتی هێرۆشیماو ناکازاکی. یابانیەکان نەیان هێشتوە بۆ چرکە ساتێکیش مرۆڤایەتی ئەو ڕووداوە لە بیر بکەن، بە بڵاوکردنەوە ئەو هەموو فیلم و کارە هونەریانەی لەو بارەیەوە بەرهەمیان هێناوە. یان هۆڵۆکۆستی جووەکان، یان قڕکردنی ئەرمەنەکانیش بەهەمان شێوە. تا ئەم ساتەی قسەی لەسەر دەکەین، کورد یەک فیلمی جیهانی لەسەر کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە نییە، دەسەڵاتی کوردی هەرگیز خەمی ئەوەی نەبووە و بەلاشیەوە گرنگ نەبووە." دەشێ ئەو پرسیارە بێتە کایەوە، بۆچی حکومەتی هەرێم کە زیاتر لە 30 ساڵە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات، نەیتوانیوە فیلمێکی جیهانی لەسەر کارەساتەکانی بخاتە دنیای فیلمەوە کە ڕێگەیەکی کاریگەرە؟ ببینە جولەکە ساڵانە فلمی نوێیان لەسەر کارەساتی هۆڵۆکۆست هەیە، یان ئەرمەنەکان. لە بەرامبەردا کوردیش وەکو نەتەوەیەک چەندین کارەساتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بەسەر هاتووە، هەر لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە 5000 خەڵکی سیڤیڵی تیا کوژراوە، تا دەگاتە دۆسیی ئەنفالی گەرمیان و بادینان و قڕکردنی بارزانیەکان. ئایا توانای بواری فلم سازی لاوازە، یاخود حکومەت کەمتەرخەمە و بودجە لەو بوارەدا خەرج ناکات. لەو بارەیەوە مەریوان دەڵێت "بواری فیلم سازی مەرج نییە هەر کورد بیکات، بەڵام ئەو بوارە بازرگانیە، هەر کۆمپانیایەک کە بەرهەمێک دروست دەکات، بواری قازانجیش لە بەرچاو دەگیرێت. ئەو فیلمە تراژیدیایانە، وڵاتان و بودجەکانیانی لە پشتە. ئەگەر حکومەتی هەرێم بودجە بۆ فیلمێکی جیهانی مسۆگەر بکات، ئاسان فیلم بەرهەم دەهێنرێت، ئیتر کورد بیکات یان خەڵکی دیکە. خۆ بەرهەمەکانی لەسەر هۆڵۆکۆست، یان قڕکردنی ئەرمەن خۆ جولەکە یان ئەرمەنی نین بە تەنها، بەڵکو دەرهێنەرانی وڵاتانی دیکەشن. بەڵام ئەوە بودجەی ئەو وڵاتانەی لە پشتە. حکومەتی هەرێم زەمینەی بۆ ئەو بوارانە فەراهەم نەکردووە، هەروەها لە ناو هەڵەبجەشدا هیچ ئامادەکاری نیە لەو ڕوەوە، بە نموونە هۆڵێکی شانۆی نییە، هۆڵێکی شیاوی نیە تا فلمێکی تیا لێ بدرێت، هیچ زەمینە سازیەکی بۆ نەکراوە." بەرزی کە شانۆکارێکی گەنجە لە هەڵەبجە، سەرەڕای ئەوەی کە باس لە گرفتەکانی پیشەکەی دەکات لەبەردەم ئەو هەموو بەربەست و ئاستەنگانە، باس لەوەش دەکات کە بەر لە مەسەلەی بە جینۆساید ناساندنی کیمیابارانی هەڵەبجە، چەندین شتی گرنگتر هەن کە شیانی باس کردنە. لەو بارەیەوە دەڵێت "بابەتی کیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەندە لە لای دەسەڵاتی کوردی بچووک کراوەتەوە، تا ئێستا عێراق ئامادە نییە وەک 19 هەمین پارێزگاری عێراق، دان بە پارێزگاربوونیدا بنێت. هەرێمی کوردستانیش هێشتا لیژنەیەکی بۆ بە دواداچوونی ئەو پرسە پێک نەهێناوە، کە بۆچی واژۆی بڕیارەکە ناکرێت، کە لە بەردەم سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دایە. من بێهیوام لەم دەسەڵاتە لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی خۆی وەکو حکومەت، جا چ جای وەک لەوەی کە هەوڵ بدات ئەم دۆسێیە، وەکو جینۆساید بناسرێنرێت، حکومەتێکی خۆماڵی 34 ساڵە یەک پرۆژەی وەبەرهێنانی گرنگی لە هەڵەبجەی شەهیددا بە ئەنجام نەگەیاند بێت، هەرگیز سەری خۆی بەو مەسەلەیەوە نایەشێنێت."