بایدن لەبارەی پشتیوانیکردنی لە رووسیا ھۆشداریی بە سەرۆکی چین دەدات
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ھۆشداریی دایە سەرۆکی چین، شی سینپینگ کە پێدانی پشتیوانی کەلوپەل لەلایەن پەکینەوە بە رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا، ئەنجامی لێ دەکەوێتەوە.
کۆشکی سپی لەبارەی گفتوگۆیەکی ئەمڕۆی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی چین، شی سینپینگ کە بە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجامدرا و نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، راگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کرا کە لە گفتوگۆیەکەدا تاوتوێی جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا کراوە و بایدن زانیاریی وردی بە ھاوتا چینییەکەی داوە لەبارەی ھەڵوێستی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی و ئەو سزایانەی کە خراونەتە سەر رووسیا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە بایدن ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشکەشکردنی ھاوکاری و کەلوپەل لەلایەن چینەوە بۆ رووسیا لە کاتێکدا کە ھێرشە ستەمکارییەکانی رووسیا بۆسەر شار و خەڵکی سڤیلی ئۆکراینا درێژەی ھەیە، ئەوا ئەنجامی لێ دەکەوێتەوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بایدن لە گفتۆگۆیەکەی لەگەڵ سەرۆکی چین، سەرنجی بۆ چارەسەریی دیبلۆماتیی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا راکێشاوە.