هەواڵی کوردستان ئێستا

مه‌سرور بارزانی سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ كۆرۆنا ده‌كات

مه‌سرور بارزانی سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ كۆرۆنا ده‌كات
مه‌سرور بارزانی سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ كۆرۆنا ده‌كات

2020-03-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ سێشەممە 17/3/2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد تایبەت بە هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، و پلانی ‌‌حكومەت بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك لە خۆراك و دەرمان و سووتەمەنی و شمەكی ڕۆژانە و هەروەها دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بە گشتی.

لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانیش، كۆبوونەوەكە لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرەکان بەشدار بوون، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد و داواشی لێكردن كە بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتیی خۆیان بەردەوام بن لە هاوكاریی و پابەندبوون بە ڕێكار و ڕێنماییەكان.

هەروەها سوپاسی هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیشی كرد و ڕۆڵی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و پزیشك و كارمەند و فەرمانبەرانی تەندروستی بەرز نرخاند لە ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو خاوەن موڵك و سەرمایەدارانەی كرد كە بە دەنگ بانگەوازی سەرۆكی حكومەتەوە هاتوون و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ سووككردنی بارگرانی ئەو كەسانەی كە زەرەمەند بوون لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و هەروەها پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا،

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پیتاك و هاوكاریی دارایی هەڵمەتێكی نیشتمانی بێت و لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران بێت و دواتر داهاتەكەی بە شێوەیەكی روون و دادپەروەرانە لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان خەرج بكرێتەوە لە پێناو پڕۆژەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرجەم ئەو هەوڵانەی دەستپێكراون، لەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا كۆدەكرێنەوە، هەروەها داواشی لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد لەمبارەیەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران لە نزیكترین دەرفەتدا میكانیزمی گونجاو بدۆزنەوە بۆ خەرجكردنی مووچە و بە تایبەتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ بە مەرجێك ڕەچاوی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكرێت لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كۆبوونەوەكە جەختی لەوەش كردەوە كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، دارایی گشتی ڕێكدەخرێتەوە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینكردنی بژێوییان و خەرجییە گشتییەكانیش كەم دەكرێنەوە، كە ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

هەروەها بڕیاردرا كە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لە پێناو دابینكردنی شایستەی دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەم زووانە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە نەوت و گاز ئەنجام بدرێت بە مەبەستی تاوتوێكردنی دەرفەتەكانی ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكانی نەوت وگاز بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی و لێکەوتە داراییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان.