یەکێتیی ئەورووپا: "تاوتوێی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەکەین"
دیجیتال میدیای سپێده
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە تاوتوێی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەکەن.
بۆرێڵ بەر لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا لەبارەی ئەوەی "ئایا سزا دەخەنە سەر کەرتی نەوتی رووسیا؟" رایگەیاند: "هەموو بژاردەیەک دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، گفتوگۆ لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی نوێ دەکەن".
جۆزێپ بۆرێڵ، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە میانەی سەردانێکیدا بۆ ئۆکرینا، لە نزیکەوە چاودێری ئەوەی کردووە کە هێزەکانی رووسیا ئاراستەی هێرشەکانیان بەرەو دۆنباس، گۆڕیوە.
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە لوکسەمبۆرگ کۆبوونەوە و تاوتوێی ئەنجامەکانی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا، دەکەن کە لە ٢٤-٢٥ی ئاداردا بەڕێوەچوو.
هەروەها لە پاڵ پرسی ئۆکراینادا، رەوشی مالی، لیبیا و یەمەن لە مژارەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.