هەواڵی کوردستان ئێستا

بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو خاڵی سەربازیی حەشدی شەعبی لە نەینەوا بۆردوومان کرا

بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو خاڵی سەربازیی حەشدی شەعبی لە نەینەوا بۆردوومان کرا
بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو خاڵی سەربازیی حەشدی شەعبی لە نەینەوا بۆردوومان کرا

2022-04-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە عێراق رایگەیاند، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو خاڵی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا باکووری وڵاتەکە کردە ئامانج.

ئەفسەرێک لە پۆلیسی پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کرد کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو بۆمبیان ئاراستەی دوو بارەگای حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا کرد.

ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت راشیگەیاند، لە ئاکامی هەردوو بۆردوومانەکەدا دوو چەکداری حەشدی شەعبی برینداربوون و زیانی ماددیش بەر هەردوو بارەگەکە کەوت.

پێشتر دەزگای دژە تیرۆری کوردستان بڵاوی کردبووەوە کە لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە بۆردوومانی دوو خاڵی سەربازیی حەشدی شەعبی لە نێوان دووڕییانی سمود لە ناحیەی زوممار کراوە و لە ئاکامی بۆردوومانەکەدا زیانی گیانی و ماددی بەر ئەو دوو خاڵە سەربازییەی حەشدی شەعبی کەوتووە.

- سوپای عێراق هەواڵی بۆردوومانی حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رەتکردەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەواڵی بۆردوومانی حەشدی شەعبی لە ناحییەی زوممار سەربە پارێزگای نەینەوا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، دوورە لە راستییەوە.

لەو راگەیەندراوەی کە لە شانەی راگەیاندنی ئەمنییەوە بڵاوکراوەتەوە ئەوە خراوەتەڕوو کە لە چەند پەیجێک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی و دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵێک لەبارەی بۆردوومانی پێگەکان فەوجی ٧٨ی حەشدی هۆزەکان لە ناحیەی زوممار رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، دوورە لە راستییەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە رووداوەکە بریتی بووە لە تەقینەوەی هاوەنێکی جۆری ٦٠ ملیم و بەهۆیەوە چەکدارێک بە سووکی برینداربووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختی لەوەشکردووەتەوە کە لایەنە پەیوەندارەکان لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی رووداوەکە دەست پێکردووە.