نیهان
دیجیتال میدیای سپێده
یەکێک لەپرۆگرامە تایبەت و جوان و بەسەلیقەکانی ئیعلامی کوردییە، ڕۆژانە لەکەناڵی سپێدە بڵاودەبێتەوە و بەرنامەیەکی خێرخوازی جیاواز و خاوەن نەهج و تایبەتمەندی تایبەت بەخۆیەتی.
ـ نیهان ساڵانە تیشک دەخاتە سەر چینێکی کۆمەڵگە و لەڕێی خێرخوازانەوە هاوکاری ماددییان دەکات و کەمێک لەئازار و ناڕەحەتییەکانیان دەکاتە خەندە و گریانی دڵتەنگییان دەکات بە فرمێسکی خەندە و ناڕەحەتییان دەگۆڕێت بۆ ئومێد و هیوایەک دەگەڕێنێتەوە بۆیانیان.
ـ سەرەڕای جیاوازبوونی، نیهان ئەمساڵ کار لەسەر کەیسی منداڵان دەکات .. چیرۆکی تراژیدی و ئازار و ناڕەحەتییان نیشاندەدا و بەهەرجۆرێک لەتوانایدابێت هاوکاری و خزمەتیان دەکات.
ـ نیهان تەنها چەند منداڵێکی نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت نیشان نادات، بەڵکوو چیرۆکی تراژیدی سەدان خێزانی لێقەوماو و دەستکورت و هەژار و نەداری ئەم وڵاتە نیشان دەدات.
ـ ڤیان محمود کارەکتەری سەرەکی نیهانە، پێشکەشکار و خاوەنی ئەو پرۆژەیەیە، و شانازی خزمەتکردنی ئەو خێزانانەی پێبڕا، و وردی و توانا و جوهد و دڵسۆزی و سەلیقە و ماندوبونێکی زۆر بەدەرئەنجامی پرۆگرامەکەیەوە دیارە. ئافەرین بۆ ڕێکخراوی هانا بۆ سپۆنسەرکردنی ئەو بەرنامەیە و پاڵپشتێکی جوان و کارا بۆ پرۆژەی نیهان .. و دوعای تەوفیق بۆ ئەوانەش هاوکار و پاڵپشتن بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە و فراوانکردنی.
ـ نیهان یەکێک لەو بەرنامانەبوو بەفۆڕمێکی نوێوە هاتە نێو بەرنامەکانی دیکەی خێرخوازی لەکوردستان، و ڤیان محمود بەهێمنی ئەو فەرموودەیەی خۆشەویستمانی بەگوێی هەموواندا چپاندەوە و لەخۆیەوە دەستی پێکرد ... کەدەفەرموێت:- ئەگەر خێرێکتان کرد بەدەستتی ڕاستتان، با دەستی چەپتان نەیبینێ.!
ـ ئەمساڵ نیهان
+ئەلحەمدولیلای پیاوێکی کەمدەرامەتی بێ کارە کە چەندساڵە بەحەسرەتی چاکبوونەوەی منداڵەکەیەتی و ئێستا دەروێکی خێری بەڕوودا کراوەتەوە.
+پێکەنینی منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، کە مژدەی چاکبوونەوە و ڕزگاربوونی لەنەخۆشی و لەجێگەدا کەوتنی پێدراوە.
+نزای دڵ و دوعای زمان و فرمێسکی چاوی دایکێکی میهرەبانە کەچەندساڵە بەئومێدی دیتنی پێکەنینی هاوسەر و منداڵەکانیەتی.
ـ نیهان بەبێ دەنگی پێمان دەڵێت:- ئەم وڵاتە تەنها کۆشک و تەلاری بەرز و ڤێلا و شەقام و ڕێستورانتی جوان و براند و کەشخەی تێدانییە، بەڵکوو بەدەیان خانەی بێ لانە و خێزانی بێکەس و هەژار و لێقەوماوانی زۆرتێدایە کەچاویان لەڕەحمەتی خودایە و نائومێدنین لەبەخششەکانی .. ئافەرین بۆ ئەوانەی لە السابقون السابقون ی خزمەتکردن بەوانن و ئەو شانازیەیان پێبڕا و ئەو تەکانەیان بەکاری خێرخوازی و میدیا و پرۆگرامەکانی دیکەدا.
ئەحمەد ئیدریس
چالاکوان .. قوتابی زانکۆ.