نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی پەنابەرانی ئۆکرانیا پێنج ملیۆن کەسی تێپەڕاند
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد لە ئۆکرایناوە کە رووسیا جەنگی بەڕوودا کردووەتەوە، پێنج ملیۆن و ٣٤ هەزار و ٤٣٩ پەنابەر چوونەتە وڵاتانی دراوسێ.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، زانیاری سەبارەت بە قەیرانی پەنابەرانی ئۆکراینا خراوەتەڕوو.
بەپێی ئەوەیش لە ٢٤ی شوباتەوە تا ١٩ی نیسان، پێنج ملیۆن و ٣٤ هەزار و ٤٣٩ پەنابەر چوونەتە وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی پۆڵەندا.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە زۆربەی پەنابەرەکان روویان لە پۆڵەندا کردووە کە ژمارەیان (دوو ملیۆن و ٨٢٥ ھەزار و ٤٦٣ کەسە)، پاشان رۆمانیا (٧٥٧ هەزار و ٤٧ کەس)، رووسیا (٥٤٩ هەزار و ٨٠٥ کەس)، ھەنگاریا ( ٤٧١ ھەزار و ٨٠ کەس)، مۆڵدۆڤا (٤٢٦ هەزار و ٩٦٤ کەس)، سلۆڤاکیا ( ٣٤٢ ھەزار و ٨١٣ کەس) و بێلاڕووس (٢٣ هەزار و ٧٥٩ کەس)، هەروەها لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک-ەوە، ١٠٥ هەزار کەس لە ١٨-٢٣ی شوبات روویان لە رووسیا کردووە.
گوتەبێژی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، شابیا مانتو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لە پەنابەرانی ئۆکراینا لەنێوان وڵاتانی دراوسێدا گەشت دەکەن ژمارەی گشتییان بەرزبووەتەوە.
ئاماژە بەوەیش دەکرێت کە سەدان هەزار کەس کە لە ئۆکرایناوە چوونەتە وڵاتانی دراوسێ لەوێوە چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو کە لەناو ئۆکراینادا، ٧،١ ملیۆن کەسی مەدەنی ئاوارە بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە دەستپێکی جەنگەکەدا پێشبینی کردبوو کە لە ئەگەری هەڵکشانی پێکدادانەکاندا، چوار ملیۆن پەنابەر وڵاتەکە جێبهێڵن.