کەنەدا ناردنی کاروانێکی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراینا راگەیاند
کەنەدا بێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکان بدات، ناردنی کاروانێکی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراینا راگەیاند.
وەزیری بەرگریی کەنەدا، ئەنیتا ئاناند لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند "زنجیرەیەک تۆپی هاوەنی جۆری M-777مان ناردە ئۆکراینا".
ئاناند، تیشکی خستە سەر ئەوەی ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا "بە هاوکاری هاوپەیمانانی ئەمریکا" ئەنجامدراوە.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودۆ سەرەتای هەفتەی رابردوو باسی لە پلانی ناردنی چەک کردبوو بەڵام هیچ وردەکاری لەبارەی جۆر و ژمارەی چەکەکان نەخستبووەڕوو.
ناوبراو رۆژی چوارشەممە لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەوانان، رایگەیاندبوو: "ناتوانم وردەکاری لەبارەی جۆر و ژمارەی چەکەکان و چۆنییەتی ناردنەکە بخەمەڕوو".
لهههواڵێكیدا كهناڵی تهلهڤیزیۆنی CBSی ئهمریكی بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بانگەشەی ئەوەی کرد کە کەنەدا چوار تۆپی سووکی بۆ ئۆکراینا ناردووە و لە بارەی ناوەڕۆک و چۆنیەتی ناردنی کاروانەکە زانیاری زیاتر نەدراوە.
کەنەدا ماوەیەک بەر لە ئێستا بەشێک لە ستۆکی چەکی دژەتانکی جۆری کارڵ گۆستافی ناردبووە ئۆکراینا و وەزارەتی بەرگریش ئاشکرای کردبوو کە لەسەر داوای ئۆکراینییەکان "ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی دژەزرێپۆش"ی دابین کردووە.