ئیسپانیا و پۆڵەندا بڕیاریان دا هەماهەنگی نێوانیان لە بواری بەرگریی بەهێز بکەن
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئیسپانیا و پۆڵەندا سبەی واژۆ لەسەر یاداشتنامەیەک دەکەن بە مەبەستی پێشخستنی هەماهەنگییەکانی نێوانیان لە بواری بەرگرییدا.
ئاژانسی هەواڵی ئیسپانیا (EFE) بڵاوی کردەوە رێککەوتننامەکە لە میانی ١٥ەمین لووتکەی هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز و سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتیوس مۆراوسکی لە وارشۆ پایتەختی پۆڵەندا واژۆ دەکرێت.
چاوەڕێ دەکرێت سەرکردەکان تاوتوێی رەوشی پەنابەرانی ئۆکراینایش بکەن کە بەهۆی ئەو جەنگەی بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە زۆرترین هاووڵاتیی ئۆکراینی پەنایان بردووەتە بەر پۆڵەندا.
لەلایەکی دیکەوە چاوەڕێ دەکرێت واژۆ لەسەر گرێبەستی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئیسپانییەکان بکرێت بەمەبەستی دروستکردنی بنکەیەکی گەیاندنی مەزن لە پۆڵەندا.
وەزیرانی دەرەوە، بەرگریی گواستنەوە و گەیاندن، پیشەسازی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کۆچی ئیسپانیا یاوەری پێدرۆ سانچێز دەکەن و چاوەڕێ دەکرێت ئەم وەزیرانە لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکانیان بە جیا کۆببنەوە.