هەواڵی کوردستان ئێستا

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كانی چین گه‌یشته‌ تایوان

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كانی چین گه‌یشته‌ تایوان
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كانی چین گه‌یشته‌ تایوان

2022-08-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

فڕۆكه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، نانسی پێلۆسی و شاندی یاوه‌ری كه‌ له‌ پێنج ئه‌ندامی كۆنگرێس پێكهاتوون، له‌ تایوان نیشته‌وه‌.

ئه‌و سه‌ردانه‌ی كه‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ قسه‌ی بێ به‌ڵگه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و بووه‌ته‌ هۆی گرژیی له‌نێوان ئه‌مریكا و چیندا، ئه‌نجامدرا.

به‌پێی داتاكانی ماڵپه‌ڕی Flight Radar-24 كه‌ به‌دواداچوون بۆ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان ده‌كات، فڕۆكه‌ی جۆری Boeing C-40 كه‌ نانسی پێلۆسی و شاندی یاوه‌ری هه‌ڵگرتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سوڵتان عه‌بدولعه‌زیز شای له‌ كوالالامپور پایته‌ختی مالیزیا جێهێشت، له‌جیاتی رۆیشتن به‌ ئاڕاسته‌ی باكوور به‌ره‌و ده‌ریای باشووری چین، به‌سه‌ر دوورگه‌ی بۆرنیۆ له‌ ئیندۆنێزیادا فڕیوه‌ له‌وێوه‌ بۆ خۆرهه‌ڵات و دواتر به‌ درێژایی كه‌ناراوه‌كانی فلیپین به‌ره‌و باكوور چووه‌.

پاشان ئاراستەی فڕۆكه‌كه‌ له‌ ده‌ریای فلیپینه‌وه‌ به‌ره‌و باكووری خۆرئاوا رۆیشت و راسته‌وخۆ چووه‌ نێو كایه‌ی ئاسمانیی تایوانه‌وه‌ و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سۆنگشان له‌ تایپێ نیشته‌وه‌.

ئۆرگانی بڵاوكردنه‌وه‌ی پارتی كۆمۆنیستی چینی، گڵۆبه‌ڵ تایمز، بڵاویكرده‌وه‌ كاتێك فڕۆكه‌كه له‌ تایوان نزیكبووه‌ته‌وه‌، فڕۆكه‌ی جه‌نگییه‌كانی سه‌ربه‌ چین له‌ جۆری S-35 گه‌رووی تایوانیان تێپه‌ڕاندووه‌. هێشتا هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌شدا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكادا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ گه‌شته‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سینگاپور، مالیزیا، كۆریای باشوور و ژاپۆن ده‌گرێته‌وه‌ و باسی تایوان نه‌كرابوو.

پێلۆسی كه‌ ٢٩ی ته‌مووز ئه‌مریكای جێهێشتبوو له‌ هاوای پشووی دابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ پێنج كه‌سییه‌ی كۆنگرێس كه‌ له‌گه‌ڵیدان، دوێنێ له‌ سینگاپور و ئه‌مڕۆش له‌ مالیزیا ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدابوو.

هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، گریگۆری میكس، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری جه‌نگاوه‌ران، مارك ته‌كانۆ، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی رێگاوبان و ئۆتۆمبیله‌كان، سوزان دێڵبێنێ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی تایبه‌تی هه‌میشه‌یی هه‌واڵگریی، راجا كریشنامۆرتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، ئاندی كیم، هاوه‌ڵی پێلۆسی ده‌كه‌ن له‌ گه‌شته‌كه‌یدا.