کۆتا سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران گۆرباچۆڤ کۆچی دوایی کرد
دیجیتال میدیای سپێده
کۆتا سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، میخایل گۆرباچۆڤ کۆچی دوایی کرد.
لە راگەیاندراوێکدا کە لەلایەن نەخۆشخانەی ناوەندی فەرمانگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی فیدراسیۆنی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە، گۆرباچۆڤ-ی تەمەن ٩١ ساڵ، لە پاش نەخۆشییەکی قورس و درێژخایەن، کاتەکانی ئێوارەی دوێنێ کۆچی دوایی کرد.
گۆرباچۆڤ لە ساڵی ١٩٨٥ەوە تا ١٩٩١، پۆستی سکرتێری گشتیی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەتی بەڕێوەبرد، کە بەرزترین ئۆرگانی یەکێتیی سۆڤیەت بوو.
لە ساڵی ١٩٩٠دا، بە ریفراندۆم سیستەمەکە کرا بە سەرۆکایەتی و گۆرباچۆڤ لە دەنگدانی ئەنجوومەنی باڵای سۆڤیەتدا وەک سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت هەڵبژێردرا.
گۆرباچۆڤ لە ساڵی ١٩٩٠ەوە تا ١٩٩١ پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتییەکەی بەڕێوە برد.
لە رێگای ئەو چاکسازیانەی دەستی پێکرد، پێرێسترۆیکا (داڕشتنەوەی) و گلاسنۆست (کرانەوە)، کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا، بەڵام باڵادەستی سیاسیی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت لەو وڵاتەدا کۆتایی هات.
دوای ئەوەی گۆرباچۆڤ لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١دا دەستی لە کار کێشایەوە، یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بە فەرمی هەڵوەشایەوە.