هەولێر..هەڵمەتی قیرتاوكردنی شەقامە تێكچووەكان دەستی پێكرد
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند: "دوای قەدەغەكردنی هاتوچۆ، بە دەرفەتمان زانی ئەو شوێنانەی لە ناوشار تێك چوونە، هەموویان قیرتاو بكەین و تاوەكو ئێستاش 500 تۆن قیرمان بەكار هێناوە و بەردەوامیشین".
عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێستا قەدەغەی هاتوچۆیە، بە پێویستمان زانی هەر شوێنێك لە شەقامەكان تێك چووبێت، قیرتاوی بكەینەوە، لە شەقامی 60مەترییشەوە دەستمان پێكرد و تا ئێستا 500تۆن قیرمان بەكار هێناوە و لە قیرتاوكردنی شەقامەكانیش بەردەوامین".
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: "لە ئێستادا گەیشتووینەتە شەقامی 30مەتری و لەوێ شوێنەكان چاك دەكەینەوە و دەمانەوێت تا قەدەغەكردنی هاتوچۆ بەردەوامە، هەموو شوێنەكان چاك بكەینەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی هیچ شوێنێك لە هەولێر نەمێنێت لە شەقامەكان چاڵی هەبێت یان تێك چووبێت".
دەشڵێ: "كاری زۆر باشمان كردووە و زۆری نەماوە كارەكانمان تەواو بكەین، هەموو رێگا خراپەكانی ناو شاریش چاك دەكەینەوە".
بڵند ئیبراهیم