هەواڵی کوردستان ئێستا

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیانراوێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیانراوێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌
ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیانراوێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

2022-10-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران له‌بڵاوكراوه‌یه‌كدا رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌ له‌ دوای هێرشه‌كانی موشەكی و درۆنەكانی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان، شەپۆلێكی بەرین لە هاودڵی و هاوخەمی لەلایەن خەڵكی باشوری كوردستان، ئاراستەی حیزبەكان كرا.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌،" كه‌ سوپاسی سەرجەم خەڵكی بەشەرەفی باشوری كوردستان و هەموو كەسانە دەكات كە بەشێوازی جۆراوجۆر هاوخەمی خۆیان ئاراستە كردین و دەرگای دڵ و ماڵەكانیان بەڕووماندا واڵا كرد."

ده‌قی راگه‌ینراوه‌كه‌:

لەپاش هێرشی موشەكی و درۆنەكانی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە ژمارەیەك پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری حیزبەكان و ژن و منداڵ شەهید و برینداربوون، شەپۆلێكی بەرین لە هاودڵی و هاوخەمی لەلایەن خەڵكی باشوری كوردستان لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك و بەتایبەتی لەو ناوچانەی بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵاتی لێبووە ئاراستەی حیزبەكان كرا.

هەر كەس لەلایەن خۆیەوە باوەشی گەرمی بۆمان كردەوە ئامادەیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوكارییەك نیشاندا و بەمەش هەستی ئینسانی و نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەیی خۆیان بە گەرموگوڕی نیشاندا.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەم رێگەوە سوپاسی سەرجەم خەڵكی بەشەرەفی باشوری كوردستان و هەموو كەسانە دەكات كە بەشێوازی جۆراوجۆر هاوخەمی خۆیان ئاراستە كردین و دەرگای دڵ و ماڵەكانیان بەڕووماندا واڵا كرد، ئەگەرچی هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەكرا. سوپاسی ئەو دكتۆر و پەرستار و كادرە پزیشكییانە دەكەین كە لەكاتی رووداوەكەدا بە خێرایی و بەدەمانەوە هاتن و چارەسەری بریندارەكانیان كردین.

ئەم هەڵوێستە جوامێرانەی خەڵكی باشور جارێكی دیكەی ئەوەی سەلماند كە هەر خۆمان پشتوپەنای یەكترین و ئەمەش باشترین وەڵامە بۆ ناحەزانی كورد وەك كۆماری ئیسلامی كە هەمیشە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان كوردانی باشور و رۆژهەڵات و پارچەكانی دیكە دەدات.

ئەزمونی هەرێمی كوردستان گلێنەی چاوی هەموو كوردێكە و فەرزە لەسەر هەموومان وەك گلێنەی چاو بیپارێزین.

سڵاو لە خەڵكی بەشەرەف و نیشتمانپەروەری هەرێمی كوردستان
بڕوخی كۆماری پەت و سێدارە

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران

8ی رەزبەری 1401ی هەتاوی

30ی سێپتامبری 2022