چوارچێوەی ھەماھەنگیی: حکوومەتی نوێ توانای لەناوبردنی گەندەڵی دەبێت
چوارچێوەی ھەماھەنگیی رایگەیاند، پێکھێنانی حکوومەتی نوێ کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، دەتوانێت ئاسایش بسەپێنێت و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات، ھەروەھا گەندەڵی بنبڕ بکات.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ شەممەی تشریینەکان لە بەغدا و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق بڵاوکردەوە و ھاتووە: "رۆڵی ھێزە ئەمنییەکان بەرز دەنرخێنن کە لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ شەممەدا، دامەزراوەکانی دەوڵەت و گیانی خۆپیشاندەرانیان پاراست".
جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە خۆپیشاندان مافێکی رەوایە و پێویستە لەچوارچێوەی دەستوور و یاسادا ئەنجام بدرێت.
راشیگەیاندووە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، دەتوانێت ئاسایش بسەپێنێت و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات، ھەروەھا گەندەڵی بنبڕ بکات.
دوێنێ شەممە یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، تشرینییەکان لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و کە لە میانیدا ھەوڵیاندا بچنە ناوچەی سەوزەوە، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکرا و بەھۆیەوە پێکھەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدا و بەھۆیەوە ژمارەیەک کارمەندی ئەمنی و خۆپیشاندەر برینداربوون.