سوپای رووسیا بۆردومانی ناوچەکانی کیێڤ و زاپۆریژییا و خارکیڤی ئۆکرانیای کرد
دیجیتال میدیای سپێده
سوپای رووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردمانی ناوچەکانی کیێڤ، زاپۆریژییا و خارکیڤی ئۆکرانیای کرد.
بەرپرسی ئیدارەی ناوچەی کیێڤ پایتەختی ئۆکرانیا، ئۆلێکسی کولێبا، لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلیگرام بڵاویکردووەتەوە، سوپای رووسیا هێرشێکی مووشەکیی لە ناوچەی کیێڤ ئەنجام داوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسی ئیدارەی ناوچەی زاپۆریژییا، ئەلێکساندەر ستاروخ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تەلیگرام رایگەیاندووە کە هێزەکانی رووسیا دوێنی شەو بە مووشەکی S-300 و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر شاری زاپۆریژییا و لە ئەنجامدا دامەزراوەکانی ژێرخانی وزە زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها سەرۆکی شارەوانیی شاری مەلیتۆپۆل سەربە ناوچەی زاپۆرۆژییا، ئیڤان فیدۆرۆ رایگەیاند کە چوار تەقینەوە لە شارەکەدا روویانداوە.
ئیڤان فیدۆرۆ هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو زەرە و زیانانەی کە بەهۆی تەقینەوەکانەوە کەوتوونەتەوە، نەدا.
لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەکانی ئۆکراینادا بڵاو کراونەتەوە، شەوی رابردوو لە شاری خارکیڤ تەقینەوە روویانداوە.