هەواڵی کوردستان ئێستا

مەزڵوم عەبدی: ئەگەر شەڕ ڕووبدات هەموان زەرەرمەند دەبن

مەزڵوم عەبدی: ئەگەر شەڕ ڕووبدات هەموان زەرەرمەند دەبن
مەزڵوم عەبدی: ئەگەر شەڕ ڕووبدات هەموان زەرەرمەند دەبن

2022-11-20 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکە چەکدارە کوردییەکان لە باکوری سوریا و باکوری عێراق و لەو هێرشەدا 89 ئامانجیان تێکشکاندووە. وەزارەتەکە ئەم هێرشە وەک تۆڵەی تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەستەنبوڵ ناودێردەکات کە شەش کەسی تێدا کوژرا.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت لەو هێرشانەدا پەکەکە و یەپەگە کراون بە ئامانج.

ئانکەرە چەکدارە کوردەکانی تۆمەتبارکرد بە تەقینەوەکەی 13 ی ئەم مانگە لە ئەستەنبەڵ کە شەشی کەسی تێدا کوژرا و زیاتر لە 80 کەسیش برینداربوون.

هیچ کەس و گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ئەوە تەقینەوەیە ڕانەگەیاندووە  و هەر لەو کاتەشدا چ پەکەکە و چ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک نکوڵیان لەوە کرد هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە هەبێت.

 

 

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گوتی " هێشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە ئارامەکەی ئێمە تەواوی هەرێمەکە دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نابێت. ئێمە هەمو هەوڵێک دەدەین تا کارەساتێک ڕوونەدات. ئەگەر شەڕ ڕووبدات هەموو لایەک زەرەرمەند دەبن."

 

ژەنەڕاڵ عەبدی گوتیشی " ئەم هێرشانە سنوردار نابن بە ناوچەکەی ئێمەوە کە ئێستا بووەتە ئامانجی هێرشە شەڕانگێز و دڕندانەکان. ئێمە داوا لە خێزانەکانمان دەکەین لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و ڕێنماییەکانی هێزە ئاسایشیەکان ڕەچاوبگرن."

فەرهاد شامی گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێت هێزەکانی تورکیا زیانی بە دامەزراوەکانی وەکو سایلۆی دانەوێڵە، وێستگەیەکی کارەبا و نەخۆشخانەیەک گەیاندووە.

 

شامی باس لە زیانی گیانیش دەکات و دەڵێت 11 هاووڵاتی سڤیل لە ناویاندا ڕۆژنامەوانێکیش گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری بەرگری تورکیا خڵوسی ئاکار لە بەیاننامەکەی خۆیدا ڕایگەیاند هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی سڤیل نەگات و گوتی " تەنها و تەنها تیرۆرستان و بونیادەکانی ئەوان  بە ئامانج گیراون."

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە هیچ لێدوانێکیان نەداوە. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دەنگی ئەمەریکا لە ناوچەی دێرکەوە پێی گەیشتووە، کە زۆربەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەوێن، جموجۆڵەکانی هێزی هاوپەیمانان نۆرماڵە و لە بنکەکانی خۆیان دەرنەچوون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.