هەواڵی کوردستان ئێستا

کاردانەوەی ئەمەریکا لەمەڕ دامەزراندنی لیژنەیەکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە ئێران

کاردانەوەی ئەمەریکا لەمەڕ دامەزراندنی لیژنەیەکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە ئێران
کاردانەوەی ئەمەریکا لەمەڕ دامەزراندنی لیژنەیەکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە ئێران

2022-11-25 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ پێکهێنانی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران.

ئەنتۆنی بلینکن  ئاماژەی بە سەرکوتکردنی هەزاران خۆپیشاندەری ئێرانی بەتایبەت ژنان و منداڵان، وەڵامدانەوەی کوشندەی هێزە ئەمنییەکان بۆ خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە کرد لەوانەشدا ئەوەی 19 ئەم مانگەی مهاباد، دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی ڕۆژنامەنوسان و هەروەها بەکارهێنانی سزای مەرگ دژ بە خۆپیشاندەران.  

لە بەیاننامەکەیدا باسی لەوەش کردووە ئەمەریکا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی پشتیوانی لە خۆپیشاندەران، جارێکی دیکە داوا لە حەکومەتی ئێران دەکاتەوە کۆتایی بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەیان بهێنێت و بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ژنان و کچان ڕابگرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە  دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان "هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە" کە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە درکیان بە تێکچوونی بارودۆخی ئێران کردووە، و ئەو لیژنەیەش کە دامەزراوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان هاوکاردەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەوانەی دەستیان هەیە لە سەرکوتکارییە توندوتیژەکانی خەڵکی ئێران دەستنیشان بکرێن و کردارەکانیان بەبەڵگە بکرێت.  

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت " گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی کاربکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێران هیچ ڕۆڵێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان یان دەزگا نێودەوڵەتییەکانی دیکە کە ئەرکی پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافی مرۆڤی ژنانیان پێسپێردراوە، نەگێڕێت."

هەروەها ئاماژە بە وتەیەکی کامڵا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت هەوەکو هێرس بەم دواییانە گوتی " ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کاردەکات بۆ لادانی ئێران لە کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەی ژنان."

کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێداچوونەوە بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو. لە سی و پێنجەمین کۆبوونەوەی تایبەتی ئەم ئەنجومەنەدا، وڵاتانی ئەندام دەنگیان بە پێکهێنانی لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دا. ئەم لیژنەیە بە 25 دەنگی ئەرێنی بەرامبەر بە 16 دەنگی نەرێنی پەسەندکرا.