سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی بەدواداچوونی لەبارەی دوو دەنگۆ راگەیاند
هەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست پێکردنی بەدواداچوونی لەبارەی دوو دەنگۆ راگەیاند.
پاش ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٠، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە داواکاری گشتی کردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانە بکەن کە باس لە بوونی ملیارێک دۆلار لە بانکێکی لوبنان و وەرگرتنی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیایەکی نەوت دەکەن. کەمێک لەمەوبەر، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: "لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستانەوە لێژنەیەکی بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی بەڵگە و ڕاستیەکان پێکهێندراوە بۆ بەدواداچوون لە دەنگۆی ئەو (٢٥٠) ملیۆن دۆلارەی کە گوایە کۆمپانیای ڕۆزنەفت داویەتی بە لایەنێک، هەروەها ئەو ملیار دۆلارەی کە گوایە لە بانکێکی لوبنانە و چەند رۆژێکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس دەکرێ.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، داوای کردووە هەر لایەنێک بەڵگەی پێویستی لایە، پێشکەش بەم لێژنەیەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بکات کە بە مەبەستی پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی پێکهێندراوە و بەڵگەکانیش لە رێگەی ئیمێل و ژمارەی مۆبایلی پەیجەکەیانەوە بنێردرێت.
جەختیش کراوەتەوە کە هەر لایەنێک یان کەناڵێکی راگەیاندن یان کەسێک بەبێ بەڵگە ئەم بابەتە بوروژێنێت، رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرنە بەر.