پۆڵندا بەربەست دروست دەکات لەبەرامبەر کۆچبەراندا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، پۆڵەندا دەستیکردووە بە دروستکردنی سیاجێکی دڕکاوی بەدرێژایی سنووری 210 کیلۆمەتری لەگەڵ ناوچەی کالینینگرادی ڕووسیا، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی نەپەڕنەوە.
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە ڕایگەیاند: تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2022 دەکرا بە ئازادی لە ناوچەکەدا تا هێڵی سنووری بجوڵێن بەڵام ئێستا ڕێگاکە بە سیاجێکی تەلی دڕکاوی لە لای سنووری پۆڵەندا داخراوە هەروەها تەنها چەند کیلۆمەترێکیش لە ڕۆژهەڵاتەوە، کارکردن لەسەر سیاجەکە دەستیپێکردووە، ووتیشی: پۆڵندا کاتێک سەیری ئەو شتانە دەکات کە ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا ڕوودەدەن، ناتوانیت دڵنیا بێت کە ڕەنگە لەلایەنی ڕووسیاوە چی ڕوو بدات.
پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، حکومەتی پۆڵندا لە 2ی تشرینی دووەمی 2022دا دروستکردنی سیاجێکی نوێی سنووری ڕاگەیاند، بە ڕوونی وتی: دەمانەوێت ئەم سنوورە بکەینە بەربەست لەبەردەم لێشاوێکی نوێی کۆچبەراندا، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە پەیوەندی بە "گەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کالینینگرادەوە هەیە".
دەزگای لوتکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ساڵی 2021 هەزاران کەس گەشتیان کرد بۆ شاری مینسکی پایتەختی وڵاتی بیلاڕووسی دراوسێ، بە ئامانجی پەڕینەوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ڕێگەی پۆڵەندا بۆ ناو یەکێتی ئەوروپا، لەو ماوەیەدا پێکدادانی و توندوتیژ زۆر لە نێوان کۆچبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی پۆڵەندا ڕوویدا پاشان پۆڵەندا سیاجێکی تەلی دڕکاوی بەدرێژایی سنووری ڕۆژهەڵاتی خۆی لەگەڵ بێلاڕووس دروستکرد.
باسیان لەوەشكردوە، لە کاتی دروستکردنی سیاجەکەوە ژمارەی هەوڵەکان بۆ بەزاندنی سنوورەکان بە شێوەیەکی نایاسایی کەمیکردووە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021، (17) هەزار هەوڵ بۆ کەمتر لە هەزار و 500هەوڵ کەمی کردوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، تەنیا 11 حاڵەتی لە نێوان مانگی یەک تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2022 تۆمار کراوە، زۆربەی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەپەڕنەوە قاچاخچیی تووتن بوون نەک کۆچبەر.
ئەوەشیان خستەڕوو، بەربەستەکە درێژییەکەی زیاتر لە 210 کیلۆمەتر دەبێت و پانییەکەی سێ مەتر و بەرزییەکەی 2.5 مەتر، سیاجێکی تەلی دڕکاوی دەبێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا کامێرا و هەستەوەر لە ژێر زەویدا دادەنرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەواوەتی رێگری لە کۆچی نایاسای بکەن بۆ ناو وڵاتەکەیان.