محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانیان مۆڵەتی چەند مانگێک دەدات بە گەورە بەرپرسان
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا، سێ تا شەش مانگ، وەک مۆڵەتی داوەتە وەزیر، پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەرک و کارەکانیان لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە کە دوێنێ دووشەممە ئەنجامدراوە و تیایدا بڕیار لەسەر بەرنامەی حکوومەت دراوە.
راشیگەیاندووە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەرنامە حکوومەتەکەی تێڕوانینیە بۆ داھاتوو، ھەروەھا رەنگدانەوەی پلان و بەرنامەی وەزارییە کە لە قوناغی داھاتوودا جێبەجێی دەکات، ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە کارەکانی حکوومەت لەبەر رۆشنایی بەرنامەی حکوومەتی پەسەندکراودا ھەڵدەسەنگێندرێت و ھەڵسەنگاندنەکەیش بۆ وەزیر، بریکاری وەزارەت، پارێزگار، راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی دەبێت لە کاتی دیاریکراودا.
باسی لەوەش کردووە، محەمەد شیاع سوودانی سێ مانگی وەک مۆڵەت داوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە لە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ١٢ی ٢٠٢٢وە دەست پێ دەکات، بەمەبەستی ھەڵسەنگاندنی ئەرک و کارەکانیان، ئەمەیش لەسەر ئەو بنەمایەی چەندە بەرنامەی حکوومەتیان جێبەجێ کردووە، ھەروەھا شەش مانگیشی وەک مۆڵەت داوەتە وەزیر، پارێزگار و راوێژکارەکان بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەرک و کارەکانیان، ئەوەیش لەبەر رۆشنایی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و پابەندبوونیان، بە تەوەرە سەرەکییەکان و کارە لە پێشینەکانی حکوومەت.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوە نائاساییەکەدا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت.
راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردراوە کە لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا، لیژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت، ھەروەھا پێکھێنانی لیژنەی لاوەکی لەھەر وەزارەتێک بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی و ئەوەی کە پێویستە لەچوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا جێبەجێ بکرێت.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لەبەر رۆشنایی دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و بەدیھێنانی ئامانجەکانی، ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەی پەسەند کردووە کە وەزارەتی پلاندانان، دەزگا سەربەخۆکان و قەوارەکان پەیوەست نین بە وەزارەت و پارێزگاکانی دەرەوەی ھەرێمەکاندا، بەڵام پابەندن دەبن بەجێبەجێکردنی پڕۆژە و بەرنامە بەپێی کارە لەپێشینەکانی حکوومەت کە لەناو بەرنامەی وەزارییدا ھاتووە بەپێی تایبەتمەندیەکان، ھەروەھا وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکە پابەندەبن بەدابینکردنی تەرخانکردنی دارایی بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی بەرنامەی حکوومەت و ھەردوو بوودجەی بەکاربردن و وەبەرھێنان.