لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاوتوێی ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی جۆرەکانی وەزە کرا
دیجیتال میدیای سپێدە
لە ماوەی رابردوودا چەند کارەساتێک بەهۆی گازی شل-ەوە روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و دوای ئەمەش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بڕیار راگرتنی بەستانی سیستەمی گازی شلی ماڵانی دەرکرد و دواتریش چەند کۆبوونەوەیەک لەمبارەیەوە ئەنجامدرا.
دوای رووداوەکانی تەقینەوەی گازی شل لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک کە ٦٤ قوربانی لێکەوتەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای دیراسەکردنی بابەتەکەی لە زانکۆکان کرد و بۆ ئەمە مەبەستەش زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێکی بەناونیشانی ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
لە سیمپۆزیۆمەکەدا چەندین بابەت لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی بواری وزە ئەنجامدرا و تیاییدا تیشکخرایە سەر هۆکار و شیکردنەوەی رووداوەکانی ئەم دواییە و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە فەرمانگەیەک لە حکوومەت هەبێت بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی شێواز و چۆنیەتی سیستەمی بەستانی گاز لە خانوو و باڵەخانەکان.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پرۆفیسۆر دکتۆر ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی لە گوتەیەکدا گوتی: "خزمەتکردنی کۆمەڵگا یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی زانکۆ، ئەمەش بەهۆی گرنگییەکەی لە پەرەپێدان بە تواناکانی هاوبەشیی و بەشداریکردن لە بنیاتنانی کۆمەڵگا و چارەسەرکردنی کێشەکانی و بەستنەوەی توێژینەوەی زانستی بە پێداویستییەکانی کەرتی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەوە".
پرۆفیسۆر دکتۆر ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی گوتیشی: "ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو باس لە ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە بەشێوەیەکی گشتیی و گازی شل بەتایبەتی بکەین و خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێن، بەشێوەی زانستیانە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان بکەین و راسپاردەکانی ئەم سیمپۆزیۆمە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندارەکان لە حکوومەت بکەین تاوەکو بکرێتە بەشێک لە بەرنامەی کاری چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستاندا".
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان، پۆرۆفسیۆر دکتۆر عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمود لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دوای رووداوەکانی ئەم دواییە کە بەهۆی گازی شلەوە روویدا، وایکرد کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا بکات کە پێویستە دیراساتی جددی بکرێت و ئێمەش داوامان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکییەکانی هەرێم کرد کە بەتایبەت دیراساتی جدی ئەنجام بدەن بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان، چونکە زانکۆکان تەنیا رۆڵیان وەرگرتنی قوتابییان نیە بەڵکو دەبێت رۆڵی خۆیان هەبێت لە پێشخستنی کەرتەکان و شیکردنەوەی رووداوەکان، پێویستە پێشبینی داهاتوویشیان هەبێت بەتایبەت ئێمە لە قۆناغی گۆڕانکاری کەشوهەواین و دەبێت زانکۆکانمان دیراساتی داهاتوو بکەن بەتایبەت لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا".
پۆرۆفسیۆر دکتۆر عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمودگوتیشی: "ئێستاش لە رێگای زانکۆکانەوە بە بەشداری کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، خەریکی دیراسەکردنی ئەو بابەتەین و لە هۆکار و ئاڵنگارییەکان دەپێچینەوە و بە وردی کاری لەسەر دەکەین".
پسپۆڕێکی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات کە گرنگترین شت ئەوەیە کە لایەنێکی بەهێز لە حکوومەت هەبێت کە کۆنتڕۆڵی کۆمپانیاکان بکات بۆ ئەوەی بتوانرێت قەبارەی رووداوەکان کەمببنەوە و بە پێویستیشی دەزانێت کە ستانداردێک بۆ کۆمپانیاکان بنووسرێتەوە و کاری پێ بکرێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای یونیگاز، دکتۆر هاوڕێ غازی حوسێن لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ گوتی: "هیچ سیستەمێک بێ کێشە نیە بەڵام دەبێت بزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، ئەگەر باسی گاز بکەین دەبینین لە هەموو دونیا بە بۆڕی بڵاوبووەتەوە و کارەسات رووینەداوە، ئەگەر سەیری داتاکان بکەین لە جیهان دەبینین بەردەوام کێشە هەیە بەڵام لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان ئێمە لەمبارەیەوە شارەزاییمان نییە، گرنگترین شت ئەوەیە کە لایەنێکی بەهێز لە حکوومەت هەبێت کە کۆنتڕۆڵی کۆمپانیاکان بکات لەوەی کێ دەتوانێت کار بکات و کێ ناتوانێت کار بکات، هەروەها کوالێتی غازەکە دەبێت دیراسە بکرێت لەوەش گرنگتر هۆشیاری خەڵکە، کە ئایا ئەم سیستەمە تا هەتایە کار دەکات؟، بێگومان ئەمە وانیە و دەبێت ساڵانە پشکنینی بۆ بکرێت و، ئەم هەنگاوانە وا دەکات کە کارەسات و کێشەکان کەم ببنەوە".
لەبارەی هۆکاری رووداوەکان بە گازی شل بەم قەبارەیە گەورەیە، دکتۆر هاوڕێ غازی گوتی: "یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە گازی شل دەنیشێت بۆیە دەبێت بە وردییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئینجا دەبێت ستاندارد بۆ کۆمپانیاکان بنووسرێتەوە و کاری پێ بکرێت، ئەو گازەی لە دەرەوە هەیە کە بەبۆڕی بڵاوکراوەتەوە ئەوە گازی سرووشتییە، میسان و ئیسانە بەڵام گازی شل جیاوازە، خۆزگە هەموو سیستەمەکان بکرێتە مەرکەزی و بە فشاری کەم دابەش بکرێت نەک بە فشارێکی زۆر، دەبێت گاز فشاری کەم بکرێتەوە بەبڕی ٣٠ میلی باڕ داخل بکرێت، لێرە کارەکان تێکەڵبووە و هاووڵاتیی نازانێت کامە کۆمپانیا و کار باشە و کامەی خراپە، بۆیە دەبێت بۆ چارەسەری ئەم بابەتە لایەنێکی بەهێزی حکوومەت وەک چاودێری هەبێت".
پسپۆڕێکی دیکەی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات کە کێشە لە جۆری گازەکە نییە بەڵکو کێشە لە کوالێتی بۆڕی و سیستەمی سەلامەتی هەیە کە رەنگە بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە کەمتەرخەمی تیادا کرابێت.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەنج سیروان عەبدوڵڵا مامۆستا لە لە بەشی میکانیک و وزە لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری سەربە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بابەتی بەکارهێنانی گازی شل لە هەموو جیهاندا هەیە و لە زۆربەی وڵاتان بەکاردەهێنن، ئەوەی لەلای ئێمە روویدا کە دوو کارەساتی لێکەوتەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی دامەزراندنی سیستەمەکە لەناو خانووەکان، لەبەر ئەوەی دەبێت بە کوالێتییەکی بەرز دروست بکرێت و دابنرێت، هەروەها دەبێت بەپێی ستانداردی جیهانی دابنرێت، بەداخەوە چونکە بابەتەکە نوێیە بۆیە دەبینین کەسێک یان کۆمپانیایەک ئەم سیستەمەی هێناوە و لە باڵەخانە و ماڵەکان دایمەزراندووە بێگومان ئەگەر ئەمەش چاودێرییەکی بەسەرەوە نەبێت ئەوا رەنگە کەموکوڕی دروست بکات".
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەنج سیروان عەبدوڵڵا گوتیشی: "دامەزراندنی ئەم سیستەمە دەبێت بابەتی سەلامەتی تیادا رەچاو بکرێت بەجۆرێک لەهەر شوێنێک لێچوونی غاز هەبوو ئەوا دەبێت سیستەمەکە سەرچاوەی گازەکە بگرێتەوە و رایبگرێت، هەروەها شوێنی بۆڕی و دامەزراندنی تانکییەکە هەموو ستانداردی هەیە و رەنگە لەمبارەیەوە کەمتەرخەمیی هەبووبێت".
ئەو پسپۆڕەی بواری وزە ئەوەش دەخاتەڕوو کە پێویستە لیژنەیەک لەلایەن حکوومەتەوە هەبێت کە ساڵانە پشکنین بۆ شوێنی دامەزراندن و گواستنەوەی گازەکە بکات و لەمبارەیەوە گوتی: "هەروەها دەبێت ساڵانە لیژنەیەک هەبێت بۆ بەدواداچوون و سەیرکردنی شوێنەکان، بزانرێت خزمەتگوزاری بۆ کراوە یان نا، هاوکات دەبێت حکوومەت رێگا نەدات کەلوپەلی کوالێتی خراپ هاوردە بکرێت، بەڵکو پێویستە لە رێگای پشکنینەوە بابەتەکان هاوردە بکرێن کە ئەمەش وا دەکات کارەسات و رووداوەکان کەمتر ببنەوە".
گازی ماڵان ئەوەی لە ئەوروپا بەکاردێت جۆری میسانە و ئەوەی لێرە بەکاردێت جۆری پرۆپانە (LPG) کە بەتۆرێکی بۆڕی دابەشی ماڵان دەکرێت. پرۆپان جۆرێکی شلە، لە بوتڵی ئاسن دەگوازرێتەوە بۆ ماڵان. ھەریەک لە میسان و پرۆپان بێ رەنگ و بێ بۆنن، ماددەیەکیان تێدەکرێت پێی دەڵێن مێرکەپتان کە بۆنی ھێلکەی پیسی لێدێت تاکو هاووڵاتیی ئاگادار بکرێتەوە لەوەی لێچوونی غاز هەیە.
جۆری پرۆپان (LPG) لەھەوا قورسترە بۆیە کاتێک لە ژوورەوە لیک دەکات، هەنگاوی بەرەو خوارەوە دەنێت و کۆدەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر سەری ژوورەکە کراوەش بێت سوودی نابێت بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی کارەساتەکە لە ئەگەری روودانی رووداوێکدا.