هەواڵی کوردستان ئێستا

بایدن ئاشكرایكرد ئۆكرانیا له‌ ئێستادا پێویستی به‌ فڕۆكه‌ی جه‌نگیی F-16 نییه‌

بایدن ئاشكرایكرد ئۆكرانیا له‌ ئێستادا پێویستی به‌ فڕۆكه‌ی جه‌نگیی F-16 نییه‌
بایدن ئاشكرایكرد ئۆكرانیا له‌ ئێستادا پێویستی به‌ فڕۆكه‌ی جه‌نگیی F-16 نییه‌

2023-02-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاشكرایكرد له‌م قۆناغه‌دا هاوكارییكردنی ئۆكراینا به‌ فڕۆكه‌ی جه‌نگیی F-16، پێویست نییه‌.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئه‌ی بی سی نیوز، پرسیار لە جۆ بایدن سەبارەت بە داواکارییەکەی سه‌رۆكی ئۆكراینا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، له‌باره‌ی فڕۆکەی جەنگیی F-16 كرا.

بایدن له‌ وه‌ڵامدا ئاماژەی به‌وه‌كرد ئه‌و هاوكارییانه‌یان پێشكه‌شی ئۆكراینا كردووه‌ كه‌ بەرپرسە سەربازییە بەئەزموونەکانی ئەمریکا پێیان وابووه‌ پێویستن و گوتی: "ئه‌وان لە ئێستادا پێویستیان به‌ تانک و تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگریی ئاسمانییه‌".

سه‌رۆكی ئه‌مریكا تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئەو هاوکارییانەیان پێشکەشی ئۆکراینا كردووه‌ كه‌ له‌ ئێستادا پێویستیانە و رایگه‌یاند: "كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌گەلێكیان بۆ دەنێرین كه‌ ده‌یانخاته‌ دۆخێکی باشەوە له‌م بەهار و هاوین و پاییزەی داهاتوودا. ئەوان لە ئێستادا پێویستیان بە فڕۆکەی F-16 نییە".

جۆ بایدن هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "بە تەواوی دەزانین كه‌ لە چەند ساڵی داهاتوودا چ شتێك پێویست دەبێت. به‌ بۆچوونی كاربه‌ده‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانمان، هیچ بیانوویه‌كی لۆجیكی بۆ فڕۆكه‌ی جه‌نگیی F-16 نییه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌مه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بژارده‌كان داده‌نێم".

لە وەڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ "دابینکردنی چەکی کوشندە لەلایەن چینەوە بۆ رووسیا له‌ جه‌نگی ئۆکراینادا"، بایدن ئاشكرایكرد، پێشبینی شتێكی له‌وشێوه‌یه‌ ناکات، به‌ڵام لە ئەگەری حاڵه‌تێكی وادا، بە "سزای قورس" وەڵامی چین دەدەنەوە.