ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: زۆرچالاكانانە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمدا دەكەین
2023-03-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده
لە میانەی مەراسیمێكدا كە بۆ ڕێزلێنان لە ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی بەئامادەبونی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی بەڕێوەچوو، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند: كارو چالاكیەكانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان لەماوەی ڕابردوودا بۆ خزمەتكردنی چین و توێژەجیاوازەكانی هەرێم بەرزدەنرخێنین، فراكسیۆن جێگەی شانازی یەكگرتووەكان و جەماوەی كوردستان بوون، دەستخۆشیان لێدەكەین بۆ ئەم هەنگاوە بایەخدارە مێژووییە كە دەستلەكاركێشانەوە بو لە ئەندامیەتی پەرلەمانی كوردستان. لەبەشێكی تری وتەكانیدا، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئاماژەی بەوەكرد: ئێمە لە یەكگرتوو بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەبین لەداكۆكی لە مافە ڕەواكانی میللەتەكەمان و زۆرچالاكانانە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمدا دەكەین و خوازیاری ئەوەین كە هاوڵاتیان بەمەبەستی گۆڕانكاری و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن بەو كەسانەی كە ڕاستگۆو دەستپاك و ئەمانەت پارێزن لەپێناو ئایدەیەكی گەش و حوكڕانیەكی ڕەشیدو سەركەوتوو.