هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری ناوخۆ: بەشێکی هاوولاتیان لە مەترسیی قایرۆسەکە تێنەگەیشتوون

وەزیری ناوخۆ: بەشێکی هاوولاتیان لە مەترسیی قایرۆسەکە تێنەگەیشتوون
وەزیری ناوخۆ: بەشێکی هاوولاتیان لە مەترسیی قایرۆسەکە تێنەگەیشتوون

2020-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سلێمانی -KDP.info- وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، دڵنیایی دەدەن کە مەترسییەکانی ڤایرۆرسی كۆرۆنا زۆرن و بەشێک لە هاووڵاتیان لە مەترسییەکان تێ نەگەیشتوون. هاوكات وه‌زیری ته‌ندروستیش ده‌ڵێت، نەبوونی نیشانەکان مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە.

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: "مەبەست لە بڕیارەکەی دوێنێشەو بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان و هەڵسەنگاندن بووە بۆ قۆناغەکە و دڵنیایی دەدەین کە مەترسییەکان زۆرن و بەشێک لە هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە تێ نەگەیشتوون.

لەبارەی ڕاگەیاندنی قەدەخەی تەواوی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە، ڕێبەر ئەحمەد، گوتی: "ئەو هەموو قەرەباڵخیەی دەبیندرا، لەگەڵ قەدەخەی هاتوچۆ یەکی نەدەگرتەوە، ترسمان هه‌یه‌ کە لە 15ی شوباتەوە خەڵک بەریەککەوتنی زۆری هەبووبێت، بۆیە ئێستا دەبێ کار لەسەر ئەوە بکەین کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەن، لێتان ناشارینەوە کە گومان دەکەین تووشبووی زیاتر لە کۆمەڵگەدا هەبێت".

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: "ئەو بڕیارانە تەنها بۆ 48 کاتژمێرن، ئەگەر هاووڵاتیان هاوکارمان بن، لە دۆخی بەشێک لە هاووڵاتیان تێ دەگەین، بەڵام مەترسییەکە گەورەترە لەوەی ئێوە پێشبینی دەکەن، زەرەرمەندی سەرەکیش لەم دۆخەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەوەی داهاتی ناوخۆ کەم بووەتەوە و جموجوڵی بازرگانی نەماوە."

ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی بەکارهێنانی پێناسەی جۆراوجۆر، هەندێک کەس خۆیان لە بازگەکان دەرباز کردووە، ئەمەش وای کردووە ڕێگەپێدانێکی زۆر کراوە و لە هەندێک شوێن، جەنجاڵی دروست بووە.

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتیشی: "هەندێک کەس باس لەوە دەکەن، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان جیاوازە، لە ڕاستیدا ڤایرۆسەکە جیاواز نییە، بەڵکو حکوومەتی هەرێم زوو ستراتیژیەتی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە ڤایرۆسەکە خستە ڕوو و ڕێکارەکان زوو دەست پێ کران."

هه‌رله‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: "ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووان، ئەگەر ئەو ڕێکارانە نەبوونایە دەبوو ئێستا ئەو تووشبووانە چارەسەر بکەین کە لە نەخۆشخانەکانیش جێگەیان نەدەبووەوە."

د. سامان بەرزنجی هۆشداریی دا: "مەترسیی کۆرۆنا جیددییە و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و بەریەککەوتنیان کەم بکەنەوە.'

گوتیشی: "نەبوونی نیشانەکان مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە."

زریان کەمال