هەواڵی کوردستان ئێستا

جێگری لیوای 3 بۆ KDP: باسی شەڕەكەی شەوی ڕابردووی سنووری خانەقین دەكات

جێگری لیوای 3 بۆ KDP: باسی شەڕەكەی شەوی ڕابردووی سنووری خانەقین دەكات
جێگری لیوای 3 بۆ KDP: باسی شەڕەكەی شەوی ڕابردووی سنووری خانەقین دەكات

2020-04-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


خانەقین-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە سنووری خانەقین دەڵێ، مەبەستی هێرشەكانی سەر هێزی پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە، بۆ ئەوەیە ناوچەكە چۆڵ بكەن، ئەگەر نا دەوروبەریان هەمووی حەشدی شەعبییە و هێرشی سەریان ناكەن، بۆیە دەیانەوێت فشار لەسەر كورد دروست بكەن، چونكە ئێستا 80%ی ناوچەكە لە كورد چۆڵ كراوە و ئەگەر پێشمەرگە نەبێت، كوردانی ناوچەكە بە تەواوی ناوچەكە چۆڵ دەكەن.

عەقید جەمهوور رۆستەم، جێگری لیوای 3ی پیادە لە سنووری خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باسی وردەكاریی شەڕەكەی شەوی ڕابردووی سنووری خانەقین دەكات و دەڵێ، شەوی ڕابردوو سەعات 10ی شەو كۆمەڵێك چەكداری داعش لە گوڵەجۆ هەوڵیان دا دەستێك بوەشێنن و نەیانتوانی، بۆیە چوونە سەر بارەگایەكی لیوای پێنج و بە هاوەن و بیكەیسی هێرشیان كرد، بەو هۆیەشەوە بەداخەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و دووی دیكەش بریندار بوون".

ناوبراو گوتیشی: "ئێمەی كورد لە سنوورێكین هەموویان دوژمنمانن و چواردەوری ئێمە حەشدی شەعبین و داعش لە ئەوان نادات و لە ئێمە دەدەن، بەردەوامیش فشار لەسەر كورد دەكەن و رەنگە لەناو ئەوانیش داعش هەبێت و ئەوكارە بكەن، كە مەبەستیشیان ئەوەیە پێشمەرگە لە ناوچەكە نەمێنێت و ئەگەر پێشمەرگەش لەوێ نەمێنێت، ئەوكات كوردەكان ناوچەكە چۆڵ دەكەن، لە ئێستاشدا كورد 80%ـی ناوچەكەی چۆڵ كردووە".

دەشڵێ: "حكوومەتی عێراق هەڵوێستی نییە، بۆیە ئەگەر راست دەكەن و هەماهەنگی لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەبێت، ئەوكات كەس ناتوانێ زەفەر بە ناوچەكە ببات و گورز لە پێشمەرگە بوەشێنێت، بۆیە هەموو فشارەكە لەسەر كوردە و حكوومەتی عێراقیش رێككەوتنەكانی لەگەڵ پێشمەرگە جێبەجێ ناكات و ئامادە نین خاڵی هاوبەش دروست بكرێت و ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدرێت".

 

بڵند ئیبراهیم