هێڵەكانی گواستنەوەی ناو شار بە مەرجی تەندروستی دەكرێنەوە
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، پێشنیازی هەموو پارێزگاكان پێشكەشی وەزارەتی گواستنەوە كراوە بۆ ئەوەی هێڵی گواستنەوەی ناو شار بكرێتەوە و دەشڵێ: "ئێمە تاوتووێی دەكەین و دواتریش لە ماوەیەكی نزیكدا بە مەرج و رێنمایی تەندروستی هێڵەكانی گواستنەوە دەكرێنەوە".
سەڵاح جەوهەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "هەموو پارێزگاكان داوایان پێشكەش كردووە كە هێڵەكانی گواستنەوە بكەونەوە كار و، ئێمەش داواكارییەكان لە وەزارەت تاووتوێ دەكەین و لە ماوەیەكی نزیكدا وەڵامیان دەدەینەوە بۆ ئەوەی بكەونەوە كار".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بە مەرج و رێنمایی تەندروستی سەرەتا تەنها هێڵەكانی ناو شار دەكرێنەوە و جارێ هێڵەكانی دیكە ناكرێنەوە، ئەویش پێویستە ماسك ببەستن و دەستكێشیان لە دەست بێت، هەروەها بەردەوامیش ناو ئۆتۆمبێل بڕشێنن و سەرنشینەكانیش لە یەك دوور بن و زۆر سەرنشین سواری ئۆتۆمبێلەكانیان نەكەن".
بڵند ئیبراهیم