هەواڵی کوردستان ئێستا

نێچیروان بارزانی چوار گۆشه‌ی به‌ربه‌سته‌كان ناهێلێ

نێچیروان بارزانی چوار گۆشه‌ی به‌ربه‌سته‌كان ناهێلێ
نێچیروان بارزانی چوار گۆشه‌ی به‌ربه‌سته‌كان ناهێلێ

2024-05-08 23:45:10 - سەرچاوە: شەفەق نیوز

به‌در ئسماعیل شیرۆكی/ ئەو دۆخە سیاسییە پڕ لە هەستیارەیەی کە سەردانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی تێدا ئەنجام درا، چاوەڕوانییەکی وەهای لێ بەدی دەکرێ، کە هێمێکی پتەو بێت بۆ نۆژەنکردنەوەی رێڕەوی پێشڤەچوونی پەیوەندیی هەمەچەشنی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی لە ئێستا و داهاتوودا. بەو پێیەی کە لەو ئانووساتەدا لەم ناوچەیە، زیادتر لە هەمیشە هەست بە نیازمەندیی کاری هەرەوەزی دەکرێ، لە بنیاتنانی پەیوەندی نزیک لە نێوان دراوسێکاندا، بەتایبەتی ئەم سێ وڵاتەی ئێران، تورکیە، عێراق، کە لە بەستنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتنی زیادتر، لەگەل ستاتۆیەکی نادەوڵەتی جێگیر و دەستوریی مینا هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتدا کە هەنگاوەکانیان دەخاتە سەر هێلی کێبەرکێ، لە هەماندەمیشدا بە شێوازێکی سیاسیی دوربینانە کۆکیان دەکات.

لە دوازەمینە و لە پەراوێزی شەڕی غەزە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی، کە بەرۆکی هەموو جیهان بە گشتی و پروشکە سوتێنەرەکانیشی راستەوخۆ بەناو ماڵی وڵاتانی ناوچەکە بڵاو بوونەتەوە، رەچاوکردنی سیاسەتی خۆگونجاندن و لەیەکنزیکبوونەوەی ئاشتییانەی، نەتەنێ بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ دەوڵەت و گەلانی دیکەی دراوسێی کوردیش، کردۆتە ستراتیژ و پێویستییەکی ژیانەکی.

وەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان، دوای 2005 کە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا فوکەس و قورسایی خۆی خستە سەر عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە هۆکارێک، بۆ ئەوەی کە کورد لە باشوری کوردستان، رۆڵێکی بەرچاو و مەزن لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا بگێڕن، بەتایبەتیش ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ کرانەوەی فەزای سیاسی تورکییە بەسەر کوردی باکور و بەکراوە هێشتنەوەی دەرگای هاوکارییەکان، لە رووی ئابوری و دەرفەتی دیپلۆماسی و هاتووچۆ لە لایەن ئێرانەوە و، بەشداری چاڵاکانە و شکۆمەندی پێشمەرگە، لە شەڕی جیهانی دژی تیرۆر، دەرەنجامێکی وەهای لێکەوەتەوە، کە هەرێمی کوردستان وەکوو کاراکتەرێکی نادەوڵەتیی (شێوە دەوڵەت- یان نزیک لە دەوڵەت) شوێندانەر بێ و راستەخۆ کار بکاتە سەر شێوازی دارشتنی نەخشەی سیاسەتی هەرێمی، بەتایبەت سیاسەت و ستراتیژی ئەو چوار دەوڵەتەی کورد لەژێر دەسەڵاتیاندا ئیدارە دەدرێن.

سەردانی بەڕێز نێچیروان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا و دواتر سەردانی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە بۆ بەغدا و پاشان هاتنی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر دوابەدوای ئەوە لە کاتێکی نزیکدا،  سەردانی سەرۆکی هەرێم، بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران و، دیداری لەگەڵ رێبەر و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان، وێڕای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە، سەلمێنەری ئەوەن کە سیستەمی سیاسی ئەم دوو وڵاتەی زلهێزی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان و حکومەتی کوردستانیان وەکوو بەشێک لە سیستەمی پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی قبول کردووە، بەوەش دۆخێکی جیاواز و سەردەمێکی نوێ بەسەر کورد و کۆی سیاسەت و جیهانبینی هێزەکانی ناوچەیی دەکرێتەوە، کە ئیدی هەرێم لە یانەی سیاسەت و دەسەڵاتداری و نەخشەڕێژکردنی شێوازی ئیدارەدانی ئەم ناوچەیە، دەرگای بۆ کراوەتەوە و شوێنی بۆ دیاری کراوە.

پێدەچێت قۆناغی دوای ئەم سەردانە، دەرەنجامەکان وەها لێکبدرێنەوە، کە ئەو جیۆپۆلیتیکەی بەدەوری هەرێم چنراوە، ئیدی چوار دیوار و یەک دەرگا نەبێ، بەڵکوو بەپێی ئامانجە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێم و ئەو ستراتیژە نوێیەی پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی لێ دەکات، دەکرێ بۆ هەر دیوارێک دەروازەیەکی رۆشەن بۆ ئاشتی و کاری بەیەکەوەیی و شکۆمەندیی هاوبەش لە ئارادابێت. ئەوش دەتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارە مێژووییە بێت، کە ئایا دیپلۆماسی کوردی لە قۆناغێکدایە، کە لە جیاتی درز و دەڵاقە و کوێرەڕێی تاکتیکی مەفرەزە ڕۆ، بە هێزی تۆلێرانس و بەروژەوەندی هاوبەش، دەروازەیەک لە جەبەروتی جیۆپۆلەتیک بکاتەوە؟

ئێستا کورد پەیوەندیەکانی خۆی لەسەر شێوازی ناوچەیی چوارگۆشەیی و لاکێشەیی وەلاناوە و لە ناوەندی بازنەی پەیوەندییە هەرێمی و جیهانییەکاندا دەجوڵێتەوە، ئینجا کورد چ وەکوو هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری دانپێدانراوی نادەوڵەت، چ وەکوو دۆزێکی مێژوویی دیفاکتۆ بێ، کە رۆڵ و کاریگەریی لە جوڵاندن و کاردانان لەسەر داڕشتنی نەخشەی سیاسی ئەم ناوچەیە هەیە. گەرچی لە رابردوو پرسی کورد هەردەم  ناوەند و چەقی ململانە بووە، لێ نیشانەکانی گۆڕان لە دەرەوە بۆ ناوەند و چەقی بنیاتنەر و جێگیرکەر بە روونی وەدیار کەوتوون، کە کار لەسەر ئاسایشی ئابوری و تەناهی جوگرافی و کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەندی کوڵتووری چوار وڵاتی تورکیە، ئیران، عێراق و سوریە دەکات. 

لەیەکەمین روانیندا ئەوە دەبینرێ، کە ئەو گەڕە لەسەردانی بەڕێز نێچیروان بارزانی، ببێتە هۆکارێک، لە جیاتی ئەوەی کێشە و ململانێکان، لەسەر دابی چەقبەستووی کۆن، لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بەردەوام بن، دەرفەتەکان و بەرژەوەندییەکان لەسەر فۆرمێکی نوێ دابڕێژرێنەوە. 

فاکتەرەکانی هزریی گۆڕان چی بن و چۆن سەریان هەڵدابێت، ئەم راستییە که‌مڕەنگ و ناکاریگەر ناکەن، کە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین، کە هەموو لایەنێک لەبن زەبری بگۆڕی سیاسی، ئاسایشی، ئابوری و کوڵتووری و دواجار، چاودێریی مرۆیی و جیهانیدا دەژین. کامە لایەن، کورد یان هێزەکانی دیکەی دەوروبەر، بە گوڕینی سیاسەت و ستراتیژی خۆی، هزر و نەخشەی خۆگۆڕینی خستبێتە ناو ئەندێشە و بەرنامە و جیهانبینی سیاسی هێزەکانی دیکە، ئەوە دەستپێشخەرییەکی زۆر بەهادار و کاریگەر، لە بنیاتنانی هاوسەنگی لە قازانجی بەرژەوەندی نەتەوەیی و گەلی خۆی دێتە هاژمار. چش ئەگەر هەرێمێک پێشدەست بوبێت لە چاکسازی و گٶڕین و نوێکردنەوەی نۆڕمە سیاسیەکانی و، بەوەش سەقامگیری بۆ ناوچەیەکی پڕ گێژاو و قەیرانی لەبننەهاتوو گەڕاندبێتەوە و، تێڕوانینە ئاسایشی و هەژمونخوازییەکانی دەروجیرانی بەلایەنی ئەرێنی و قازانجدارییەوە بەرەو گۆڕان بردبێت.

*هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی لە هەوڵێکی بێ وچاندان، بۆ ئەوەی زمانی هاوبەش بۆ تێگەیشتن و لەقاودانی قەیران و گرژییەکانی نێوانیان بپارێزن.

لەو گۆشەنیگایەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەتەک  گرنگیی پێگەی ئەنقەرە و بەغدا، زۆر بە باشی لە رۆڵ و سەنگی تاران، لە جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی پایەدار و درێژمەودا، لە هەرێمی کوردستان تێدەگات، لەو سۆنگەوەش کە بزاڤی کوردی بەگشتی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەتایبەتی، میراتی مێژوویەکی هاوبەشی تێکوشانی دژی رژێمی دیکتاتۆری بەعسی لەناوچوو، بە درێژایی دەیەی هەشتای سەدەی بیست، لە نێواندا هەیە. بۆیە ئەم رابردووە، ئەو پتانسێلە لە نێوان هەردولادا دەهێڵێتەوە، کە بەهۆیەوە پەیوەندییەکانی نێوانانیان  لە هەموو تەنگ و چەڵەمە و پیلانگێڕی و تێکنەگەیشتن و گومانێک دەرباز بکەن.

ئەوە دیارە کە پەیوەدییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو، بە شێوەیەکی زۆر فراوان کاریان لەسەر کراوە و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچوون، رەنگە ئێستا کاتی ئەوە بێت کە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانی نۆژەن بکاتەوە و پەرەیان پێبدات، چونکە پەیوەندییە هەرێمییەکان خێراتر کار لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئابوری و ئاسایشی و کۆمەڵایەتی وڵات دەکا و سەقاگیری لە نێوان گەلانی دراوسێ بەدیدێنێ، ئەوەش نەتەنیا بۆ هەرێم بەڵکوو لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بە ئەرێنی رەنگ دەداتەوە.

 حکومەتی کوردستان و سیاسەتی گشتی هەرێم، مینا هەموو وڵاتان، ناچارە ملبداتە بەر سازوکاری سیاسی و یاسایی و تەناهیی یاسا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتداریی هاوچەرخ و، کەیس و نۆڕمە شۆڕشگێڕیەکانی رابردوو، لە پەیوەندییە فەرمییە نێودەوڵەتی و هەڕێمایەتییەکانی جیا بکاتەوەو هەڵپەسێرێ.

هەبوونی پەیوەندی دوولایەنە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، نیاز و هەوجەییەکی ستراتیژیی هاوئاستە. کورد لە هەرێم لە رووی ئابووری و سیاسی و تەناهییەوە، بۆ ئەوەی لە ئاسایشدا بژی، نیازی بە ئیران هەیە. هەروەک بەو پێیەی کە لە رووی ئیتنییەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوزمان و هاوخوێنانی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدان، لە باری فەرهەنگیشەوە، ئیران و هەرێم جمکێکی پێکەوەنووساون، کە تا ئێستا زانستی یاسای نێودەوڵەتی هیچ میتۆد و رێگایێکی بۆ نەشتەرگەری جیاکردنەوەیان شک نەبردووە.

لە دیدێکی دیکەدا، بە چالاکبوونی چەندان دەروازەی فەرمی و نافەرمی بازرگانی وشکانیی نزیک لە کارگە و بازاڕەکانی ئێران، هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی بازرگانی هەمیشەیی بۆ ئەو وڵاتە دێتە هەژمار، ئەگەر پەیوەندییەکان بەئاسایی بهێڵرێنەوە ئەو رێگا بازرگانیانە توانای ئەوەیان هەیە، کە ئاستی ئالوگۆڕی ساڵانەی تێدا بگەیێنرێتە نزیک بیست ملیار دۆلار، ئەوەش بەهایەکی لەڕادەبەدەر مەزنی بۆ ئابوری کۆماری ئیسلامی هەیە، کە لەهەموو لایەکەوە لەژێر پەستانی تاقەتپروکێنی گەمارۆی سەختی رۆژئاوا دایە. لە رووی سیاسی و هەژمونخوازیشەوە کۆمار ئیسلامی هەمیشە بەوردی مشوری لەرزینی بنەوای ئەو هاوسەنگییەی خواردووە، کە لە دوا لەرزین و تەکانەکانی بەریەککەوتنی دوو پلێت و تەوژمی مەزەبی سونەی دەسەڵاتخواز سەرچاوەیان گرتووەو، بە هاوکاری  چەندین دەوڵەتی عەرەبی و ناعەرەبی سونە مەزەب، کە شێلگێڕانە دەخوازن لەرووی مەزەبییەوە عێراق بگەڕێتەوە دۆخی دەسەڵاتداریی پێش 2003 و، جێگۆڕکێ بە دەسەڵاتی شیعەی لایەنگری وەلایەتی فەقیه بکەن ، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی هەرێمی کوردستان،  چ لەباری جوگرافی و نەتەوەیی، چ لە بابەت مەسەلەی سیاسەت و مەزەبیش، ئەگەر هاوپەیمانییەکی توکمە لە نێوان بەغدا و هەولێر هەبێ، کە لەسەر بنەڕتی بەرژەوەندی هاوبەش دارێژرابێ و مافەکانی کوردستانی سەلماندبێ، دۆستایەتی و هاوپەیمانی  کورد، مانەوەی حکومەتی ئێستای عێراق مسۆگەر دەکات، کە ئەوە  بۆ سیاسەتەکانی بان سنوریی کۆماری ئیسلامی ئێران،  لە چەقی  ستراتیژ و ئامانجی هەژمونخوازیی ئەو وڵاتەدا پلەی یەکەمی هەیە و دەتوانێ  و بەهادار و دڵنیایی بەخش و راگری بالانسی هێزی نێوان مەزەبی بێت. 

تا ئەو رادەیەی لە روانگە و لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێم و سیاسەتی گشتی هەرێمی کوردستان دەخوێنرێتەوە ئەوەیە، کە کورد لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەش، ئامادەیە کار لەگەڵ دراوسێکانیدا بکات، بەتایبەتی تاران و ئەنقەرە، بەڵام بەو مەرجەی ئەوان هاوکار بن و دڵنیایی بدەن، لەمەڕ ئەو پرسانەی لەبەغدا لە نێوان حکومەتی فدرال و هەرێم واژۆ دەکرێن، سیاسەتی دەرەکی، ئەوەی لەو دوو پایتەختەوە سەرچاوە دەگرن بەباری نەرێنی کار ناکاتە سەریان.

لە ساڵانی رابردوودا، هەڵقە بەهەڵقەی سیاسەتی دەرەوەی ئیران، لەسەر ئەم فۆڕمە داڕێژرابوو، کە رێگە بە لاسەنگ بوونی هێز لەهەرێم نەدا و ئەو هاوسەنگییەش بەبێ رەچاوکردنی رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێم بەقازانجی خۆی بپارێزێ. لێ بەدیهاتنی ئەو چاوەڕوانییەی کورد بەهادار دەبێت ئەگەر، کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغە بەدوا، سیاسەتی هاوسەنگکردن لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە قازانجی خودی کورد و بۆ سەقامگیری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەریی کوردستان بەکار بهێنێ و بیخاتە ناو دەستوری کاری خۆیەوە، ئەوەش مینا چەمکێک لە ئاسایشی گشتی هەرێم سەرەدەری لەگەڵ بکات. هەر ئەو پرس و داخوازییە، بۆ عێراقی عەرەبی و هاوسەنگی نێوان هێزەکانی عەرەبیش بەشیعەو سونەوە راست دەبێت. چونکە کاردانان و ئەجندای ئیران وەکوو گەردیلە بەناو هەموو خوێنبەر و شادەمارەکانی مەزەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی عێراقدا دەگەڕێن و ئامانج و ئەنجام دیاری دەکەن.