سبەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغدا
هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا رایدەگەیەنێت، بڕیارە سبەی جارێكی دیكە شاندی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان. دەشڵێ، گفتوگۆكان لەگەڵ تیمە تەكنیكییەكانی حكوومەتی عێراق دەبێت و ئەگەر سەردانی ڕابردووش ئەنجامی نەبووایە، جارێكی دیكە نەدەچوونەوە بەغدا.
بەختیار حاجی، ئەندامی شاندی حكوومەتی هەرێم و بەرپرسی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتیی حومەتی هەرێم لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیارە سبەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە چەند رۆژی ڕابردوودا سەردانی بەغدایان كردبوو، جارێكی دیكە سەردانی بەغدا بكات و درێژە بە گفتوگۆكانی نێوانیان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە رێككەوتن".
حاجی گوتیشی: "گفتوگۆی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمی تەكنیكیی حكوومەتی عێراق دەبێت و هەمان شاندی ڕابردووشە، كە پێشتر سەردانی بەغدایان كردبوو و گفتوگۆ دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن هەردوو لا بگەنە رێككەوتنێك لەبارەی كێشە داراییەكانی نێوانیانەوە".
لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد و دواتریش گەڕانەوە هەرێم، بڕیاریشە جارێكی دیكە شاندەكە سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی درێژە بە گفتوگۆكانیان بدەنەوە، تاوەكو لەبارەی كێشەكانی تایبەت بە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان دەگەنە رێككەوتن".
بڵند ئیبراهیم