ئەو سێ کەسەی تۆمەتبارکرابوون بە سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک، بڕیاری ئازادکردنیان دەدرێت
2024-11-06 20:30:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دوای چوار مانگ و سێ ڕۆژ لە ناساندنی سێ کەسی خەڵکی کەرکوک و کفری لەشاشەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە کە بەتۆمەتی سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک دەستگیرکرابوون، دادگای ڕەسافە ڕۆژی 5ی مانگی یانزەی 2024، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەریان بڕیاری ئازادکردنیانی دەکرد. سەرچاوەیەک لە دادگای ڕەسافە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، بۆ دادگا ڕوونبوویەوە کە دوان لە دەستیگرکراون لەژێر "ئازار و ئەشکەنجەدا" دانپێدانیان پێکراوە. پارێزەرێکی ڕاوێژکاریش دەڵێت،" پرسیارێک لێرە دێتە ئاراوە وەزارەتی ناوخۆ چۆن گەشتە ئەو ئاستەی کەوا بەر لە بڕیاری دادگا هاووڵاتیەکانی خۆی لەبەردەم خەڵک بناسێنیت وەکو تۆمەتبار و سوکایەتی و تەشهیریان پێببکات." ڕۆژی 1ی حەوتی 2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە بەغدا ناسنامەی سێ کەسیان ڕاگەیاند کە تۆمەتبارن بە سوتاندنی بازاڕەکانی چەلی لە دهۆک و قەیسەری و لەنگەی هەولێر و قەیسەری کەرکوک. لە کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی 1ی حەوتدا میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکان ئەندامی پەکەکەن و "هەوڵیانداوە سەقامگیری پارێزگاکانی کەرکوک و دهۆک و هەولێر بخەنە مەترسییەوە." دواتر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ناسنامەی کەسە دەستیگرکراوەکانی ئاشکرا کرد وتی، "دووان لە دەستیگرکراوەکان سەر بە هێزەکانی حەفتا و دژە تیرۆری یەکێتین و لەلایەن پەکەکەوە ڕاهێنانیان لە کفری و سەنگەسەر و سلێمانی پێکراوە." دواتر کەجەکە لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئەو تۆمەتانەی دژ بە "كۆمەڵێك جەنگاوەری پارتی كرێكارانی كوردستان" ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "هەمووان دەزانن ئەم هێرشانە لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و ڕێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان پارستنەوە ئەنجام دراون." یەکێتیش بە هەمان شێوە تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە. وتەبێژەکەی، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەم تۆمەتانەی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دژ بە یەکێتی و "لێدانی زەنگی شەڕی ناوخۆ" ناوبرد. سەرچاوەیەک لە نێو دادگای ڕەسافە لە بەغدا لەبەر هەستیاری دۆسیەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم دۆسیەیە سەرەتا لە کەرکوک بوو، وتە لە تۆمەتباران وەرگیرا بەبێ هەبوونی پارێزەری تایبەت بە خۆیان، دوان لە تۆمەتباران لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دانیان بەتاوانەکە ناو ئەو مەوادانەی دەستی بەسەردا گیرابوو نێردران بۆ پشکنین دەرچوون هیچ یەکێک لەو دەست بەسەرگیراوانە مەوادی تەقینەوە و ئامرازی سوتاندن نین." وتیشی،" دواتر دۆسیەکە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری ڕەوانەی بەغداد کران بۆ دادگای تاوانەکانی ڕەسافەی ناوەندی، لەوێ هەموو ڕێکارەکان تەواوکران و دووبارە مەوادەکان نێردران بۆ پشکنین هەمان ئەنجامی پێشووتری هەبوو کە مەوادی تەقینەوە و ئامرازەکانیشیان نین بۆ سوتاندن و قابیلی ئەو کارانە نین." ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد بۆ جاری دووەم بەهۆی کەم و کورتی لە لێکۆڵینەوە دۆسیەکە گەڕێنرایەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە، ئەوە بوو دواین جار هەواڵەی دادگای تاوانەکانی ڕەسافەی ناوەندی کرایەوە و لە بەرواری 5ی مانگی یانزەی 2024، لە بەر هەبوونی جیاوازی زۆری دژ بە یەک لە سکاڵاکان و نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەر تۆمەتباران "دادگای ڕەسافە" بڕیاری ئازادکردنی هەرسێ تۆمەتبارەکەی دەرکرد. کەسوکاری دەستیگرکراوەکان ئەگەرچی هەتا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکەی دادگای تاوانەکانی ڕەسافە لە بەغدا ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئەم سێ کەسە ناویان لە کەدار کراوە و بێتاوانن و بوونە قوربانی" ناکۆکی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی و پەکەکە." بە گوێرەی مادەی 19 بڕگەی پێنج لە دەستوری عێراق، تۆمەتبار بێتاوانە هەتاوەکو تۆمەتەکەی بڕیاری کۆتایی بەسەردا دەسەپێندرێت. بەڵام هەر دوای ماویەکی کەم لەدەستگیرکردنیان هێنرانە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاند و بەدەست و چاو بەستراوی وترا ئەمانە سوتێنەری بازارەکانی دهۆک و کەرکوک و هەولێرن. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا لە چەند سەرچاوەیەکەوە چەند سکاڵایەک لەسەر تۆمەتباران هەبوون و قسەی سکاڵاکارانیش جیاواز بووە و یەکێک لە سکاڵاکاران وتوویەتی،" ئاگرەکە قەزا و قەدەر بووە و هۆکارەکەی کارەبایی بووە،" هەندێک لە سکاڵاکارانیش پاشەکشێان لە دۆسیەکەدا کردووە. هەرێم ڕەفعەت پارێزەری ڕاوێژکار لە هەولێر لەسەر چۆنێتی ئازادکردنی تۆمەتباران و مافەکانیان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوەبوو لەماوەی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند کەسێکیان لە ڕاگەیاندنەکانەوە پیشاندا کە گوایە ئەو کەسانە تۆمەتباران بە پێی مادەی 4 بڕگەی یەک و مادەی دوو بڕگە یەک و سێ و حەوت لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە ژمارە 13 ساڵی 2005 کە ئەوانە ڕەونەی دادگای تاوان کران، بەڵام دادگای تاوان لە دادگایکردنەکە بۆی دەرکەوت بەپێی ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نەبووە دادگا بڕیاری ئازادکردنیان دەرکرد بە پێیی مادەی 182/ بڕگەی ج لە یاسای بنەمای دادگایکردنە." وتیشی،"ئەو تۆمەتبارانەی کەوا ئێستادا ئازاد دەکرێن مافی ئەوەیان هەیە کەوا داوای مافەکانی خۆیان بکەن و بەپێی یاسا دەتوانن داوایەک لەسەر وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای کارەکەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی حکومەتی عێراق سەرەڕای کارەکەی بەرزبکەنەوە لەو تەشهیرەی بەرامبەریان کراوە." دەنگی ئەمەریکا لەسەر هەڵویستی حکومەت پەیوەندی بە هەریەک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق و د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە. هەرێم ڕەفعەت پارێزەری ڕاوێژکار ڕاشیگەیاند،"لەکاتی ئێستادا گومانێک لە دڵی خەڵکی و شەقام دروست بووە بەرامبەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی، لەبەر ئەوەی ئەو دوو وەزارەتە تایبەتن بە جێبەجێکردنی یاساکان و پاراستنی مافی خەڵکی، سەرەڕایی ئەو هەموو ئامێرە و ئەو هەموو ئەفسەرە پلە باڵای و شارەزایانەی کە هەیانە، سەیرە ئەو کەسانە وەکو تۆمەتبار لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاند بناسێنن و کەوا حاڵەتێکی وەهایان ئەنجام نەدابێت." وتیشی،" دوای ئەوەی کەوا دادگا قەناعەتی بەبەڵگەکان نەکرد، پرسیارەکە لێرەیە ئایە وەزارەتی ناوخۆ چۆن گەشتە ئەو ئاستە کەوا بەر لە بڕیاری دادگا هاوڵاتیەکانی خۆی لەبەردەم خەڵک بناسێنیت وەکو تۆمەتبار سوکایەتیان پێ بکات و تەشهیریان پێببکات." لەماوەی ئەمساڵدا زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوەی یەک لە دوای یەک لە بازارەکانی قەیسەری و لەنگە لە هەولێر و چەلێ لە دهۆک و قەیسەری لە کەرکوک ڕوویاندا و بەو هۆیەوە ئەو سێ کەسەی کە ئێستا بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەکراوە، وەک ئەنجامدەری سوتاندنەکە ناسێنران و بە تۆمەتی هاندان لەلایەن" پەکەکە" بۆ سوتاندنی ئەو بازاڕانە تۆمەتبار کران.