هەواڵی کوردستان ئێستا

مونا قەهوەچی: قابیلی قبوڵ نییە بەبێ پێکهاتەکان کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم دروست ببێت

مونا قەهوەچی: قابیلی قبوڵ نییە بەبێ پێکهاتەکان کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم دروست ببێت
مونا قەهوەچی: قابیلی قبوڵ نییە بەبێ پێکهاتەکان کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم دروست ببێت

2024-11-10 16:55:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایدەگەیەنێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێکهاتەی تورکمان لە حکومەت بەشدار دەبێت و قابیلی قبوڵ نییە بەبێ ئێمە کابینەی دەیەم دروست بکرێت، چونکە پێموایە هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیانە ڕۆڵیان هەبێت لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت تا بتوانن خزمەت بکەن. لە دوای هەڵبژاردنی 20ی مانگی دەی 2024، تا ئێستا گفتوگۆی لایەنە سیاسیەکان دەستیپێنەکردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لەو لایەنانەی کە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، لایەنە سیاسیەکانی دیکە ئەندامەکانیان دەستنیشانکردووە بۆ گفتوگۆکردن. مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان کە بەشداری هەڵبژاردنمان کردووە و خاوەنی یەک کورسین لە بازنەی هەولێر و یەکەم دەنگین لەسەر ئاستی تورکمانەکان، بە پێویستی دەزانین بەشداری کارامان هەبێت لەناو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ڕەچاوی بەشداریکردنی پیێکهاتەکان بکرێت بۆ نزیکبوون لە بڕیارەکانی سیاسی و یاسایی." وتیشی،" ئەمجارە دەمانەویت بەشداریەکی کارامان هەبێت، وەزارەتێک لە وەزارەتەکانی سیادی یان خزمەتگوزاریمان هەبێت تا بتوانین خزمەت بە خەڵکی کوردستان و پێکهاتەکانی پێبکەین، واتا مەرجی ئێمە ئەوەیە دەمانەوێ حکومەتێکی بنکە فراوان پێکبێت و نوێنەرایەتی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات." رۆژی21 ی مانگی 2ی 2024 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە نادەستوریبوونی کورسی کۆتاکان، بڕیاریدا کە کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەیەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان بە "تێکدانی پێکەوە ژیان" لە کوردستان لە قەڵەمدا و یەکێتیش لەبەرامبەردا دەیگوت،" کۆتاکان لە بەرژەوەندی حزبێکی دیاریکراودا لەپەرلەمان کاریان دەکرد." بەڵام دواتر لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی 5 کورسی بۆ کۆتاکان دیاریکرا و 2 بۆ بازنەی هەولێر و 2 بۆ سلێمانی و 1 کورسی بۆ دهۆک. جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە چوونە نێو گفتوگۆکانەوە پرۆژەیان هەیە و پێشکەشی شاندەکانی دەکەن بۆ زیادکردنی کورسی کۆتا لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان. مونا قەهوەچی ڕاشیگەیاند،" پرۆژەمان هەیە بۆ زیادکردنی کورسی کۆتاکان تا بەڕێکەوتن لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی نێو پەرلەمان، بۆیە پێداگرین لەوەی ئێمە لەناو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نوێنەری پێکهاتەکان هەبێت و تێدا جێگیرکراوە، چونکە ئەوە عورفێکە لەناو پەرلەمان پەیڕەو کراوە و لە خولی ڕابردووش هەروەها بووە و ئەم خولەش دەمانەویێت بەهەمان شێواز بێت." وتیشی،" 11 کورسی پەرلەمانی کرا بە 5 کورسی بەناحەقی و بەبڕیارێکی سیاسی، بۆ گەڕانەوە ئەم کورسیانەش ئێمە هەوڵ دەدەین ڕێک بکەوین لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کار لەسەر گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان بکرێت بۆ پێکهاتەی تورکمان و کلدان و سریامن ئاشور و ئەرمەنیشەوە." چاودێرانی سیاسی بەشداری پێکردنی کۆتاکان لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف دەکەن، بەڵام بەو مەرجەی نەکەونە ژێر ڕکێفی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسیەوە. مەریوان فەتاح چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەشداری پێکردنی کۆتاکان لە حکومەتی هەرێمدا خاڵێکی گرنگە بۆ سیستەمی دیموکراسی وڵات، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بە باشی نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، بەڵام بە داخەوە لە مێژووی دروستبوونی پەرلەمان و حکومەتی هەێمدا کەمە نەتەوەکان یان بڵێن کۆتاکان لە ڕیگای لیستەکانی خۆیانەوە نەهاتوون بەڵکو توانراوە بە کاربهێنرێن لە ڕیگای حزبەکانی ترەوە کە ئەگەنە پەرلەمان ئەچنە ئاستی حزبە کوردستانیەکانەوە، بە گشتی واتا ئەو کارەی کە لە بنەرەتەدا بۆیان دانراوە و لەسەری دێنە پەرلەمان ناتوانن وەکو خۆیی جێبەجێبکەن چونکە ئەچنە ژێر ئەجندای تایبەتی حزبەکانەوە بەتایبەت حزبە گەورەکانی کوردستان." وتیشی،" کەمبوونەوەی ژمارەی کورسیەکانیان لە پەرلەماندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕابردوودا تا ڕادەیەک وەکو عورفێکی سیاسی قۆرخ کرابوو ڕێژەکەیان کەم و زیاد نەبوو، بۆیە ناڕازی هەبوو لەسەریان، لەسەرووی هەموویەوە گرنگە هەمووان لەم حکومەتە بەشداربن و بەشداریەکی فرەیی بێت و بتوانرێت ئەو پرۆسیە سیاسیە چەق بەستووی لە کوردستان هەیە کۆتای پێبهێنرێت و دۆخەکە باشبکرێت." کەمبوونی کورسی کۆتاکان لە نێو پەرلەمان و دابەشبوونی کورسیەکانیان وایکردووە نیگەرانی قوڵی پێکهاتەی تورکمان و کلدان و سریان و ئاشوری لێبکەوێتەوە، چونکە جگە لە پارتی چاکسازی تورکمان و کرستیانەکان لە هەولێر، پێکهاتەکانی تر خاوەنی هیچ کورسیەکی پەرلەمانی نین لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە پارتی چاکسازی تورکمان چاوەڕوانی ئەوەیە بەشداریەکی کارایان لە پەرلەمان و حکومەتدا هەبێت. مونا قەهوەچی، جێگری پارتی چاکسازی تورکمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە خاوەنی هەرێمی کوردستانین و بە سەدەقەی هیچ لایەنیکی سیاسی کوردستان نەهاتووینەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و خەبات بکەین و بێن گرنگیمان پێبدرێت یان نەدرێت ئێمە پێکهاتەی دووەمین لە هەریمی کوردستان، چۆن مافی پێکهاتەی کوردی پارێزراوە و مافی تورکمانیش پارێزراوە لە هەرێمی کوردستاندا." وتیشی،" ئێمە بە پێویستی دەزانین حکومڕانیەکی یەکسان هەبێت و بەشداریکردنی سەرجەم پێکهاتەکان واتا لەناو دەستەی سەرۆکایەتی و لەناو کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە و هیچ کاتێک ئەوە نایەتە کایەوە و قابیلی قبوڵیش نیە بەبێ پێکهاتەکان کابینەیەک بێتە کایەوە و ئێمە چاوەڕوانین گفتوگۆکان دەست پێبکات و شاندمان پێکهێناوە."