مات گەیتز کاندیدی ترامپ بۆ پۆستی وەزیری داد ناوی خۆی دەکشێنێتەوە
2024-11-21 23:20:26 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
نوێنەری پێشووی کۆمارییەکان مات گەیتز ناوی خۆی کشاندەوە لەوانەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراو دانۆڵد ترامپ دەستنیشانی کردوون بۆ پۆستە باڵاکانی بەڕێوە بەرایەتی داهاتووی ئەمەریکا. ئەو وەک وەزیری داد لەلایەن ترامپەوە دەستنیشان کرابوو. لە تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکس گەیت ڕایگەیاندووە " دوێنێ کۆبوونەوەی یەکی نایابم لەگەڵ سیناتۆرەکان ئەنجامدا. سوپاسیان دەکەم و بۆچوونەکانیان و پشگیرییەکانی زۆر کەس بەرز دەنرخێنم. لە کاتێکدا وەختێکی بەهێز بوو، بەڵام ڕوونە کە بابەتی پشتڕاستکردنەوەکەم بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دەبێتە سەرئێشە بۆ کارە گرنگەکانی قۆناغی گواستنەوەی ترامپ/ ڤانس." لیژنەی ئەخلاقی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە نەیتوانی ڕێکبکەوێت لەسەر ئەوەی کە ئایا دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی نزیکەی تەواوبووی خۆی لەسەر گەیتز بڵاوبکاتەوە یان نا. سەرۆکی پانێڵەکە، مایکل گێست، نوێنەری کۆمارییەکان، لە کۆبوونەوەیەکی درێژخایەنی لیژنەکەدا هاتە دەرەوە و وتی، "هیچ ڕێککەوتنێک لەلایەن لیژنەکەوە نەبووە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە". ناوبراو ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێکی زیاتر بدات. گەیتز پێش ئەوەی لەلایەن ترەمپەوە دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە بەرپرسی باڵای جێبەجێکردنی یاسای وڵات لەو بەرێوەبەرایەتییەی کە لە 20 ی مانگی یەکەوە دەستبەکار دەبێت، تۆمەتبارکرابوو بە ڕەفتاری نەبەجێی و نادروستی سێکسی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان. کەناڵی ئەی بی سی نیوز و واشنتۆن پۆست بڵاویانکردەوە، لیژنەکە بەڵگەنامەیان دەستکەوتووە کە دەریدەخات گەیتز لە نێوان مانگی حەتی 2017 تا کۆتایی مانگی یەکی ساڵی 2019 پارەی بە دوو ژن داوە ،کە وەک شایەتحاڵ لەبەردەم لیژنەکەدا ئامادەبوون، بە گشتی زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری داوە بەو ژنانە کە کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوە بووە لە کاتی پارەدانەکاندا، بە پانێڵەکەیان وتووە کە بەشێک لە پارەکە بۆ سێکس بووە. وتەبێژی قۆناغی گواستنەوەی ترامپ لە بەیاننامەیەکدا بەرگری لە گەیتز کرد. گوتەبێژەکە گوتیشی "وەزارەتی داد دەستی بە نزیکەی هەموو مامەڵەیەکی دارایی گەیشتوە کە مات گەیتز تا ئێستا ئەنجامی داوە و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە." چەندین سیناتۆری ئەمەریکایی بە کۆماری و دیموکراتەکانەوە وەک یەک، داوای ئەوەیان دەکرد کە ڕاپۆرتەکە بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن پاشخانی گەیتز لەبەرچاو بگرن لەکاتێکدا ڕۆڵی دەستوریی خۆیان دەگرتە ئەستۆ کە پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی کاندیدەکانی کابینەی سەرۆکێکی نوێیە. چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ترامپ، گەیتزی تەمەن 42 ساڵی دەستنیشان کرد وەک وەزیری داد، ئەو دەستی لە کارەکەی لە کۆنگرێس کێشایەوە، هەرچەندە تازە بۆ خولی پێنجهەم هەڵبژێردرابووەوە. دەستلەکارکێشانەوەی ئەو کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی ئەخلاقی ئەنجومەنی نوێنەران هێنا کە نزیک بوو لە کۆتایی. گەیتز ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرێس بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ هەندێک لەو سیناتۆرانە کۆببێتەوە کە دەنگیان لەسەر کاندیدکردنی دەدا. ئەنجومەنی سینات لە ساڵی 1989ەوە دەنگی نەداوە بۆ ڕەتکردنەوەی کەسێکی دەستنیشان کراو بۆ کابینەی نوێ. ئەندامانی هەردوو پارتە سیاسییەکە ڕێزێکی بەرفراوانیان لە سەرۆکە نوێیەکان گرتووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە باڵاکان بە کەسانی دیاریکراو بە دڵی خۆیان. سیناتۆری کۆمارییەکان لیندسی گراهام وتی لەگەڵ گەیتز و جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جەی دی ڤانس کۆبووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون پرۆسەکە بە ڕەوایەتی تێپەڕ دەبێت و بە مەبەست هیچ ئاستەنگێک دروست ناکرێت. گراهام بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە "ئەم تۆمەتانە بە شێوەیەکی لیژنە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام [گەیتز] شایەنی دەرفەتێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی تۆمەتباریان کردووە." وەزارەتی داد لێکۆڵینەوەی لەو تۆمەتانە کرد کە ئاراستەی کراوە بەڵام ساڵی ڕابردوو ڕەتیکردەوە هیچ تۆمەتێکی بخاتە پاڵ. گەیتز وەک کاندیدەکانی تری ترامپ بۆ پۆستە باڵاکانی حکومەت، لایەنگرێکی دەنگی سەرۆک و کارنامەکەی بووە کە "ئەمەریکا جارێکی دیکە مەزن بکرێتەوە." بەڵام گەیتز لە ساڵی 2023دا هەندێک لە یاسادانەرانی کۆمارییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران تووڕە کرد بە سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی لابردنی کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی نوێنەران.