هەواڵی کوردستان ئێستا

لە هێرشێکی ئاسمانی بەهێزی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ناوەڕاستی بەیروت 15 کەس دەکوژرێن

لە هێرشێکی ئاسمانی بەهێزی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ناوەڕاستی بەیروت 15 کەس دەکوژرێن
لە هێرشێکی ئاسمانی بەهێزی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ناوەڕاستی بەیروت 15 کەس دەکوژرێن

2024-11-23 19:35:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایدەگەیەنیت ڕۆژی شەممە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بەهێزی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ناوەڕاستی بەیروت 15 کەس کوژراون، هێرشەکە بەیروتی پایتەختی هەژاندووە لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل بەردەوامە لە هێرشە زەمینییەکەی دژی چەکدارانی حزبوڵا لە لوبناندا. سەرچاوەیەکی ئاسایشی لوبنان وتی بینایەکی هەشت نهۆمی بە چوار موشەک کراوەتە ئامانج، ئەو جۆرە موشەکانەش بەکارهێندراون کە بە شێوەیەک دروستکراون بتوانن ئامانجەکانی ناو ژێرزەمینەکانیش ببڕن. ئیسڕائیل ئەو جۆرە چەکانەی کە دەگەنە ژێرزەمینەکانیش بەکاریهێناون بۆ کوشتنی کەسایەتییە باڵاکانی حزبوڵا، بە سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕەڵاشەوە کە لە مانگی نۆدا لە هێرشێکدا لە بەیروت کوژرا. لەم هەفتەیەدا ئەمە چوارەمین جارە ئیسڕائیل لە ناوەڕاستی بەیروت بدات، ڕۆژی یەکشەممەش ئیسڕائیل لە ڕاس ئەل نەبای ناوەڕاستی بەیروت بەرپرسێکی میدیایی حزبوڵای لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوشت. ڕۆژی شەممە سوپای ئیسڕائیل وتی هێزی ئاسمانی ئیسڕائیل لە ئامانجەکانی حزبوڵاشی داوە لە گەڕەکەکانی باشووری بەیروت، کە پێگەی سەرەکی حزبوڵایە. بەڵام باسی لە هێرشەکەی سەر ناوەڕاستی بەیروت نەکرد. سوپای ئیسڕائیل حزبوڵای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی خۆحەشاردان لە نێو ناوچەکانی هاووڵاتییانی سڤیلدا و دەڵێت چەکدارەکانی حزبوڵا خەڵکەکە وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن، حزبوڵاش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز