زانایان نەخشەی خانە بە خانەی لەشی مرۆڤ دەکێشن
2024-11-24 18:30:25 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
زانایان نەخشەیەکی سەرەتایی هەندێک لە 37.2 تریلیۆن خانە خەمڵێندراوەکەی جەستەی مرۆڤییان دروست کردووە. هەر خانەیەک ڕۆڵێکی تایبەتی خۆی هەیە، زانینی ئەوەش کە خانەکان کارییان چییە و چی دەکەن دەتوانێت یارمەتی زانایان بدات باشتر لە تەندروستی و نەخۆشییەکانی وەکو شێرپەنجە تێبگەن. زانایان لەم کارەیاندا سەنگییان خستووەتە سەر چەند ئەندامێکی لەش، کاری خانەکانی ناو دەم و گەدە و ڕیخۆڵەکانییان داڕشتووە، هەروەها ئەو خانانەشی کە ڕێنمایی دەدەن لەسەر ئەوەی چۆن ئێسک و جومگەکان گەشە دەکەن. هەروەها هەوڵیانداوە بزانن چی کۆمەڵە خانەیەک دەبنە خوێنبەر، لە کوێدان لە لەشدا و چۆن بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێن. زانایان هیواخوازن ئەم نەخشە سەرەتاییە یارمەتییان بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەدا کە زیان بە خانەکانی لەشی مرۆڤ دەگەیەنن و تێکییان دەدەن. ئاڤیڤ ڕێگیڤی هاوسەرۆکی دروستکردنی نەخشەی خانەکانی لەشی مرۆڤ کە بەشداربووە لە توێژینەوەکەدا دەڵێت " کاتێک شتەکان خراپ دەبن، سەرەتا و لە پێش هەموو شتێکی ترەوە خانەکانمان خراپ دەبن." دۆزینەوەکە ڕۆژی چوارشەممە لە گۆڤاری نەیچەر و گۆڤارەکانی دیکەی پەیوەندیداردا بڵاوکرایەوە. زاناکانی توێژینەوەکە پلانییان هەیە لە ساڵی 2026 دا نەخشەیەکی تەواوکراوەتری خانەکانی لەشی مرۆڤ بخەنەڕوو، خانەکانی سەرانسەری 18 ئەندام و سیستمی لاشە پێناسە دەکەن، بە خانەکانی پێست و دڵ و مەمک و ئەندامەکانی دیکەشەوە. دکتۆر تیمەثی چانی شارەزا لە نەخۆشی شێرپەنجە لە کلینیکی کلیڤلاند دەڵێت نەخشەکەی ئێستا نەک تەنها جۆرە جیاوازەکانی خانەکانی لەش دەخاتە ڕوو، بەڵکو پەیوەندی نێوان خانەکانیش دەخاتە ڕوو. چان دەڵێت ئەوە قووڵبوونەوەیە لە زیندەزانی مرۆڤدا بە دڵنیاییەوە کاریگەریی کرداری دەبێت لەسەر ناسینەوە و چارەسەرکردنی خانەکانی شێرپەنجەدا. زانایان نەخشەی دیکەش دروست دەکەن کە ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە زانینی زیاتر دەربارەی بنەماکانی تەندروستی و نەخۆشییەکان لە چەند بەشێکی دیاریکراوی لەشدا. لەگەڵ نەخشەی مێشکدا، زانایان هەوڵ دەدەن لە پێکهاتە و شوێن و کاری خانە جیاوازەکانی مێشک تێبگەن. نەخشەیەکی نوێی مایکرۆبیۆمی ناو سک مایکرۆئۆرگانیزمەکانی ناو ڕیخۆڵە پیشان دەدات، کە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە هەرسکردن و تەندروستی بەرگری لەشدا. سەرچاوە/ AP