هەواڵی کوردستان ئێستا

نەتەوە یەکگرتووەکان: پەتای توندوتیژی دژی ژنان و کچان مرۆڤایەتی شەرمەزار کردووە

نەتەوە یەکگرتووەکان: پەتای توندوتیژی دژی ژنان و کچان مرۆڤایەتی شەرمەزار کردووە
نەتەوە یەکگرتووەکان: پەتای توندوتیژی دژی ژنان و کچان مرۆڤایەتی شەرمەزار کردووە

2024-11-25 19:10:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژناندا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 85 هەزار ژن لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون، کە لەسەدا 60ی ئەو ژمارەیە کوشتنی بە ئەنقەست بووە و لەلایەن ئەندامی خێزانەکانیانەوە ئەنجام دراوە. ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات ڕۆژانە لە سەرانسەری جیهاندا "140 ژن یان کچ بە دەستی هاوژینەکانیان یان خزمە نزیکەکانیان دەکوژرێن."   لە هەڵمەتێکی 16 ڕۆژیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پابەندبوون و لێپرسینەوە و نۆژەنگکردنەویە بڕیارەکان دەکات.   ئەم ساڵ یادی 25 ساڵەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانە کە لە لە 25ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت. لە چالاکییەکاندا  تیشک دەخرێتە سەر وەبەرهێنانە سەرکەوتووەکان بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان، ئاستەنگەکانی ئێستاو و هەنگاوەکانی داهاتوو. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش دەڵێت " پەتای توندوتیژی دژی ژنان و کچان مرۆڤایەتی شەرمەزار دەکات. هیچ وڵات و کۆمەڵگەیەک نییە کە ئەم پەتایە کاری تێنەکردبێت." ئاماژەی بەوەش کردووە دۆخەکە خراپتریش دەبێت و دەڵێت "پێویستمان بە کردەوەی بەپەلە هەیە بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە. با هێزی خۆمان یەکبخەین بۆ کۆتاییهێنان بە بەڵای توندوتیژی دژی ژنان و کچان لە هەموو شوێنێک."   ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە ساڵانە لە 25ی مانگی یازدە بەڕێوەدەچێت، لە ساڵی 1981وە  لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوە دەچێت و لە ساڵی 2000دا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژەکەی بە فەرمی ناساند و  داوای لە  حکومەتەکان و ڕێکخراوەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کە چالاکی زیاتر بکەن بۆ  بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە جێندەریەکان لە ڕێگەی کردەوەی یەکگرتووەوە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا ساڵانە هەڵمەتێکی دوو هەفتەیی بەڕێوەدەچێت و تیایدا تیشک دەخرێتە سەر ئامارەکانی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان.